کارمەندێکی هێزەکانی کۆماندۆ دوای بریندارکردنی بە گولـلە گیانیلەدەستدا

KNN : Kurdish News Network
09:32 - 17/08/2024
کوردستان
+
-

شەوی رابردو لە ئیدارەی راپەڕین کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکان دوای بریندار بونی بە گولـلە گیانی لەدەستدا، سەرچاوەیەکیش بە کەی ئێن ئێنی راگەیاند: کەسێک لەناو هێزەکانی کۆماندۆ بە تۆمەتی روداوەکە دەستگیر کراوە.

 

هەواڵ:KNNC

 

سەرچاوەیەک لە هێزەکانی کۆماندۆ بە KNNی راگەیاند، شەوی رابردو لە قەزای رانیەی سەر بە ئیدارەی راپەڕین کارمەندێکی هێزەکانی کۆماندۆ بە گولـلە بریندار کراوە و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.

 

ئەو سەرچاوەیە وتیشی: روداوەکە لە بارەگای هێزەکانی کۆماندۆ لە هیزۆپ رویداوە و ئەو کەسەی کوژراوە زیاتر لە گولـلەیەکی بەرکەوتوە، لەسەر روداوەکەش کەسێک لە هەمان هێز دەستگیر کراوە.

 

بەپێی زانیارییەکانی KNN، ئەو کەسەی کوژراوە خەڵکی شارۆچکەی ئاکرێیە و ناوی زێدان سورچیە، تەمەنی 26 ساڵە و خاوەن دو منداڵە، بڕیاریشە ئەمڕۆ تەرمەکەی بگەڕێنرێتەوە ئاکرێ و لەوێ بەخاک بسپێردرێت.

 

لەبارەى ئەم روداوەوە پۆلیس چى دەڵێت:

هەر لەوبارەیەوە وتەبێژى پۆلیسى سلێمانى رایگەیاند؛ کاتژمێر 10:00ـى شەو تەرمێکیان هێنایە نەخوشخانەی گشتی رانیە بە ناوی (زێدان عەزیز عەبدول) لەدایکبوی 1998 پیشە پێشمەرگەی کۆماندۆ دانیشتوی قەزای ئاکرێ کە بەهۆی بەرکەوتنی فیشەک گیانی لەدەستداو.

ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە بە وتەی ئەوکەسانەی تەرمەکەیان هێناوەتە نەخوشخانە،  لەلایەن کەسێکەوە بەناوی (م . س . ن )پیشەى پێشمەرگەی کۆماندۆ لەکاتی پاککردنەوەی چەک فیشەکی لەدەستدەرچوە و گیانی لەدەستداوە.

8518 جار خوێندراوەتەوە