عێراق سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە كۆریای باشور دەكڕێت

KNN : Kurdish News Network
05:54 - 12/09/2024
عێراق
+
-

بۆ كڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی بریارە هەفتەی داهاتو عێراق گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیایەکی کۆریای باشور بە بەهای نزیکەی (2.6) ملیار دۆلار واژۆ بكات.


هەواڵ: (KNNC)


میدیاکانی کۆریای باشور، بڵاویانكردەوە؛ عێراق دواهەمین وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە داوای کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی (M-SAM2) لە لەلایەن کۆمپانیای (LIG Nex1) دروستكراوە بكات، كە بڕیار وایە لە هەفتەی داهاتو کۆمپانیای بەرهەمهێنەری سیستەمەكە گرێبەست لەگەڵ شاندێکی حکومەتی عێراق واژۆ بکات.

 

رونیانكردوەتەوە، بۆ بەهێزكردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی سابت عەباسی، وەزیری بەرگری عێراق، داوایكردوە  سیستەمەکە "بە زوترین کات" بۆ عێراق دابین بکرێت، بۆیە لە قۆناغی یەکەمدا سیستەمی (8) پاتری بۆ ئەو وڵاتە رەوانە دەكرێت.

 

رونیانكردوەتەوە، سیستەمی بەرگری ئاسمانی پێشكەوتوی (M-SAM2) رادارێکی پێشکەوتوی تێدایە کە دەتوانێت لە دورەوە فڕۆکە و موشەكەكان دەستنیشان بکات و لەبەرزی (15) كیلۆمەتر و دوری (40) كیلۆمەترەوە ئامانجەكانی بپێكێت، كە بەهای سیستەمەكە نزیكەی (2.6) ملیار دۆلارە.

 

میدیاكانی ئەو وڵاتە ئاماژەیان بۆ ئەوەشكردوە، دوای واژۆ كردنی گرێبەستەكە، عێراق دەبێت بە سێیەم وڵات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای سعودیە و ئیمارات کە سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە کۆریای باشور بکڕێت.

310 جار خوێندراوەتەوە