لەبارەی موچەی ساڵی (2025)ـوە سەرۆكی لیژنەی دارایی لە
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دڵنیایی دەدات بە موچەخۆران و جێگرەكەشی دەڵێت: عێراق تەنها (10) ترلیۆن و (500) ملیار دیناری ناردوە نەك (11) ترلیۆن و (300) ملیار دینار.
هەواڵ: (KNNC)
عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی
عێراق رایگەیاند: لەچوارچێوەی میوانداریكردنی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بۆ
لیژنەكەیان جەختی لە گرەنتی كردنی موچەی موچەخۆران بۆ ساڵی (2025) كردەوە.
سەبارەت شایستە دارییەكانی هەرێمیش وتی: لیژنەیەكی لاوەكی بۆ
خەمڵاندنی بڕی شایستە داراییەكانی ساڵی (2024 - 2025) پێكهێنراوە و بڕیا وایە لە
رۆژی دوشەممەی داهاتودا راپۆرتێك لەسەر بڕگەی (ج) لە ماددەی (12)ـی یاسای بودجە
ئامادەبكەن.
هاوكات، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئیخڵاس دلێمی، جێگری
سەرۆکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق
لەسەر داهاتی نانەوتیی حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان و هەموارکردنەوەی یاسای
بودجە گفتوگۆیانکردوە.
وتیشی: وەزارەتی دارایی عێراق بڕیک پارەی بۆ موچەی مانگی (12)ـی
فەرمانبەرانی هەرێم ناردوە کە بڕەكەی (400) ملیار دینار، بەڵام بۆ دابەشكردنی موچە
زیاتر لە (500) ملیار دینار کورتهێنانی هەیە.
جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی
بۆ ئەوەکرد، لە ساڵی رابردودا و بۆ دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان
تەنها (10) ترلیۆن و (500) ملیار دیناری ناردوە نەك (11) ترلیۆن و (300) ملیار دینار.
69 جار خوێندراوەتەوە