هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت، چەند پرسێكی تاوتوێ كرد، پشتیوانیی بۆ پاكێجە چاكسازییە دارایی و ئابورییەكانی حكومەت دوپات كرایەوە و جەختیش دەکاتەوە لەوەى، كێشە داراییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان، بە گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر بكرێن.
هەواڵ: KNNC
كۆبونەوەی ئاسایی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت لە شاری بەغداد، بە ئامادەبونی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمانى عێراق و سەرۆكی هەرێمى کوردستان، بەڕێوەچو بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی چەند پرسێك.
بەگوێرەى بەیاننامەى کۆتایی کۆبونەوەکە، لەو كۆبونەوەیەی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت، جەخت كراوەتەوە لەوەی، پێویستە هەمو لایەنەكان پابەند بن بەجێبەجێكردنی بەرنامەی حكومی و ئەو پابەندیانەی لەسەری ڕێکكەوتون بۆ ئەوەی پشتیوانی سەقامگیریی بكات.
بە وتەى هاوپەیمانیی ئیدارەى دەوڵەت، هیچ هەڵوێستێكی سیاسی نییە بەرامبەر دۆسێی موچەخۆرانی هەرێم، تەنیا پرسێکى تەكنیكی هەیە و ئەوەش دەكرێت لەڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگەوە ڕێكکەوتن و لێكتێگەیشتنی لەسەر بكرێت، ئاماژەى بەوەش كردوە.
هاوپەیمانیی ئیدارەى دەوڵەت لە کۆتاییدا رایگەیاندوە، پشتیوانیی گەلی سوریا و سەركۆنەی دەستدرێژییەكانی ئیسرائیل لە غەززە بۆ سەر هەر وڵاتێكی تر دەكەن.
35 جار خوێندراوەتەوە