موچەى نیوەى خانەنشینان مەترسیی راگرتنى لەسەرە... شاندێک بۆ ئەو مەبەستە دەچێتە بەغداد

KNN : Kurdish News Network
12:36 - 19/09/2024
ئابوری
+
-

هەفتەی داهاتو، شاندێکی هەرێم سەردانی بەغداد دەکات بۆ تاوتوێکردنی پرسەکانی پەیوەست بە موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ئەو مەترسییەى لەسەر موچەى نیوەى خانەنشینانى هەرێم دروستبوە.

 

ئابورى:KNNC

 

لەوبارەیەوە پەیامنێری کەی ئێن ئێن رایگەیاند، شاندێک هەرێم کە پێکهاتون لە نوێنەرانی چاودێری دارایی و وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران و حکومەتی هەرێم سەردانی بەغداد دەکەن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە شاندەکەی هەرێم سەردانی بەغداد دەکات بە مەبەستی چارەسەرکردنی سەرجەم ئەو کێشانەی کە لیستی موچەدا هەیە بەتایبەت هەردو موچەى مانگى هەشت و نۆ و هەروەها کێشەی تۆماری بایۆمەتری.

 

پەیامنێرى کەى ئێن ئێن ئەوەشى ئاشکرا کرد کە نزیکەی %50 خانەنشینانی هەرێمی کوردستان تۆماری بایۆمەترینا نییە و عێراقیش دەڵێت: ئەگەر کارتی بایۆمەتری دەرنەکەن موچەکانیان رادەگیرێیت.

 

لەوبارەیەوە سەرچاوەیەک لە بەڕێوبەرایەتی خانەنشینی رایگەیاند، لە کۆی زیاتر لە 183 هەزار خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان تەنها 89 هەزاریان تۆماری بایۆمەتریان هەیە، نزیکەی 95 هەزار خانەنشین بایۆمەتریان نییە.

 

وتیشی: حکومەتی عێراق داوای کردوە خانەنشینان بایۆمەتری تەواو بکەن ئەگەر نا لە موچەکانیان لە مانگی نۆە رادەگیرێت، ئاماژەی بەوەشکرد ئەو شاندەی هەرێم کە سەرتای هەفتەی داهاتو سەردانی بەغداد دەکات، داوا لە عێراق دەکات کە وادەی ئەنجامدانی بایۆمەتریان بۆ درێژبکەنەوە تا کۆتای ئەمساڵ.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 274 هەزار موچەخۆر هەن کە لەم ڕێژەیە تەنها یەک ملیۆنیان بایۆمەتریان هەیە، لە سنوری پارێزگای سلێمانی 47 هەزار خانەنشین هەیە کە زیاتر لە سێ هەزاریان بایۆمەتریان نییە.

 

سلێمانى/ بڕیار نامیق

2895 جار خوێندراوەتەوە