570 ملیار دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نێردرا

KNN : Kurdish News Network
10:26 - 22/09/2024
ئابوری
+
-

بەیانی ئەمرۆ بڕی 570 ملیار دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم.

 

هەواڵ:KNNC

 

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە کەی ئێن ئێن-ی راگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، نزیکەی 570 ملیار دیناری تەواوکەری موچەی هەردو مانگی (حەوت و هەشت)ـی موچەخۆران، خرایەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ تەواوکردنی پارەی تەواو بۆ موچەی فەرمانبەران، وەزارەتی دارایی هەرێم بڕی 290 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە، چونکە هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە 913 ملیار دینار هەیە بۆ دابەشکردنی موچە.

 

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو بڕە پارەیەی ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق ناردویەتی، تەواوکاری پارەی موچەی مانگی حەوت-ە، بەڵام وەزارەتی دارایی هەرێم موچەی مانگی هەشتی فەرمانبەرانی پێ دابەش دەکات.

 

بڕیارە سبەینێ دوشەممە، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی بەدواداچون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی هەردو ئەنجومەنی وەزاریی ئابوریی عێراق و هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆران، سەردانی بەغدا بکات.

 

سلێمانی/بڕیار نامیق

3363 جار خوێندراوەتەوە