بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنج
شەممە، بەفەرمانی راستەوخۆی جۆ بایدن بۆ یەکەمین جار ئەمەریکا بە فڕۆکەی زەبەلاحی جەنگی B-2 زیاتر لە پێنج دامەزراوەی ژێرزەمینیی حوسییەکانی کردە ئامانج.
هەواڵ:KNNC
وەزیری بەرگری ئەمەریکا
رایگەیاند؛ لە وەڵامی ئەو هێرشانەی دەیکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا هێرشێکی
چڕمان کردوەتە سەر حوسییەکان و جەختی لەوە کردەوەتەوە کە ئەم هێرشانە توانای ئەمەریکا
نیشان دەدەن بۆ بەئامانجگرتنی دامەزراوە ژێرزەمینەکانى دوژمن، بەبێ گوێدانە ئەوەی
کە چەندە لە قوڵایی زەویدان و تا چەند پارێزراون.
لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری
ئەەمریکا لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە هێرشەکان رایگەیاندوە: بە فەرمانی جۆ بایدن،
سەرۆکى ئەمەریکا توانای حوسییەکانمان کەم کردەوە بۆ بەردەوامبون لە چالاکییەکانیان
و تێکدانی سەقامگیری لە دەریای سور کە یەکێکە لە رێڕەوە ئاوی گرینگەکان لە جیهاندا.
بە وتەی ئۆستن، بە
کارهێنانی فڕۆکەی جەنگی (B-2) بۆ دەرخستنی تواناکای ئەمەریکایە، وتوشیەتی:
لە هێرشەکەدا کۆگاکانی چەک، موشەک و دامەزراوە ژێرزەمینییەکانی
حوسییەکان کراونەتە ئامانج.
حوسییەکان کە گروپێکی
چەکداری یەمەنن بە نزیک لە ئێران دادەنرێن
و لەلایەن ئەو وڵاتەوە پاڵپشتی ئابوری و سەربازی
دەکرێن .
دوای هێرشی حەمماس لە
حەوتی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل و دەستپێکردنی شەڕ لە غەززە، حوسییەکان کەشتیەکانی
دەریای سور دەکەنە ئامانج و کێشە بۆ هاتوچۆی
بازرگانی دروست دەکەن، جار جاریش لە ڕێگەی موشەکی دور مەوداوە ئیسرائیل دەکەنە
ئامانج.
فڕۆکەی جەنگی B-2 یەکێکە لە فڕۆکە جەنگییە دەگمەنەکانی جیهان،
تەنها ئەمەریکا خاوەنیەتی و ئێستا 19 دانەى هەیە، توانای هەڵگرتنی بۆمبی ئەتۆمی هەیە
و بۆ ماوەیەکی زۆر لە ئاسماندا دەمێنێتەوە، گەرچی قەبارەیەکی گەورەی هەیە، بەڵام بە
ئاسانی خۆی لە رادارەکان دەشارێتەوە، ئەمەریکا تەنها لە کاتە سەخت و مەترسیدارەکاندا
ئەم فڕۆکەیە بەکاردەهێنێت.
674 جار خوێندراوەتەوە