کەى موچەى خانەنشینانى سەربازى هاوتاى عێراق دەکرێت؟

KNN : Kurdish News Network
10:59 - 16/10/2024
ئابوری
+
-

تا سەرەتاى ساڵى نوێ موچەى خانەنشینانى سەربازى هاوتا ناکرێت و تا ئێستاش هەرێم لیستى موچەى مانگى 10ـى رەوانەى بەغداد نەکردوە و نایەوێت بە کەموکورتییەوە لیستەکە رەوانە بکات.

 

ئابورى:KNNC

 

پەیامنێرى کەى ئێن ئێن رایگەیاند؛ بۆ لەمەودا موچەى هەر چینێک لە هەرێمى کوردستان هاوتا بکرێت دەبێت بەپێی یاسا بێت و بە نوسراو ناکرێت، وتیشى: جگە لەو خانەنشینە مەدەنییانەى موچەکانیان 220 هەزار بوە و بوەتە 600 هەزار خانەنشینانى دیکە هەر مانگێک و بڕێک وەردەگرن و تا ئێستا رێکنەخراوە.

 

لەبارەى هاوتاکردنى موچەى خانەنشینانى سەربازییەوە پەیامنێرى کەى ئێن ئێن وتى: 120 هەزار خانەنشینى سەربازى لە هەرێم هەیە، ئەم خانەنشینانە تا ساڵى نوێ هاوتاکردنى موچەیان بۆ ناکرێت، ئەویش بەهۆى ئەوەى جیاوازى لەنێوان ئاستى خوێندن و پلەى وەزیفى و دەرماڵە و پلە سەربتازییەکان هەیە لە هەرێم و عێراق و دەبێت رێکبخرێتەوە و کۆى یاساکە چاکسازى تێدا بکرێت.

 

لەبارەى ئەو خانەنشینە سەربازییانەى لە ئەگەرى هاوتاکردنى موچەکانیان سودمەند دەبن ئەوەشى ئاشکرا کرد کە لە کەمترین پلەى خانەنشینى تا بەرزترینى سودمەند دەبن، ئەوانەشى بەرزبونەوە نایانگرێتەوە بەپێی یاساکە موچەکانیان وەک خۆى دەمێنێتەوە.

 

لەبارەى ناردنى لیستى موچەى مانگى 10 پەیامنێرى کەى ئێن ئێن ئەوەى ئاشکرا کرد کە تا ئێستا لیستەکە رەوانەى بەغداد نەکراوە بەهۆى ئەوەى کێشە لە بایۆمەترى بەشێک لە موچەخۆران هەیە و بەشێکیشیان تا ئێستا UPNیان نییە، هەرێم دەیەوێت تا ئەو کێشانە چارەسەر نەکات، لیستەکە نەنێرێت.

 

سلێمانى/ بڕیار نامیق

5050 جار خوێندراوەتەوە