​نوێترین توێژینەوە: پێدەچێت مانگ دزرابێت

KNN : Kurdish News Network
03:06 - 12/10/2024
زانستی
+
-

توێژینەوەیەکی زانستی نوێ پێشبینى دەکات کە باوەڕی ئێمە سەبارەت بە سەرچاوەی مانگ، رەنگە بە تەواوی هەڵە بێت کە دەوترێت مانگ پارچەیەک لە زەوی بوە و بەهۆی کاریگەری تەنێکی ئاسمانییەوە لێی جیابوبێتەوە.

 

زانستی:KNNC


پێگەی نیوزویک لەو بارەیەوە راپۆرتێکی بڵاوکردوەتەوە و ئاماژەی بەوەداوە؛ لەوکاتەوەی مرۆڤ بۆ یەکەمجار چوەتە سەر مانگ، زانایان پێیان وابوە کە مانگ بەهۆی پێکدادانێکی گەورەی نێوان زەوی و هەسارەیەکی بەردینەوە دروست بوە.

 

بەڵام بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ، کە لە گۆڤاری زانستی هەسارەییەکان بڵاوکراوەتەوە، رەنگە مانگ لە راستیدا لە خولگەی تەنێکی ئاسمانی دیکەوە "رفێنرابێت" لە کاتی روبەڕوبونەوەیەکی نزیکدا.

 

ئەو گریمانەیەی کە ساڵانێکە کاری لەسەر دەکرێت پێی وایە مانگ بەهۆی پێکدادانی تەنێک لەگەڵ زەوی دروست بوە، بە "بیردۆزی پێکدادانی گەورە" ناسراوە.

 

بەپێی ئەم بیردۆزە مانگ لە پاشماوەی پێکدادانێکی گەورە لە نێوان زەوی گەنج و تەنێکی سەرەتایی هەسارە بە قەبارەی مەریخ کە ناوی Theia دروست بوە.

 

بیردۆزی پێکدادانی گەورە ئاماژە بەوە دەکات، لە پێکدادانەکەدا  تەقینەوەیەکی گەورە رویداوە، کە بەهۆیەوە چەند پارچەیەکی فڕێداوەتە  بۆشایی ئاسمان، کە دواجار لەژێر هێزی کێشکردندا بوەتە مانگ.

 

ئەم بیردۆزە تەنها گریمانەیەک نەبو لەسەر کاغەز، بەڵکو دوای بەرنامەکانی بۆشایی ئاسمانی ئەپۆلۆ، زاناکان هەوڵیاندا بە ئەنجامدانی کۆمەڵێک تێبینی و تاقیکردنەوەی سەرەکی، راستی یان ناڕاستییەکەی تاقیبکەنەوە.

 

بۆ نمونە: شیکاری بەردەکانی مانگ دەریخست کە ئەم بەردانە کالیسیۆم و بازاڵتیان هەیە هاوشێوەی پێکهاتەی گەورەی روکاری زەوین.

 

جگە لەوەش خولگەی مانگ هەمان ئاراستەی خولگەى خولانەوەی زەوی هەیە و ئەمەش گریمانەی کاریگەرییەکی گەورە بەهێزتر دەکات.

 

لە کۆنفرانسی کۆنا لە هاوای لە ساڵی 1984 زانایان لە سەرانسەری جیهان لەسەر ئەو گریمانەیە کۆک بون کە رەنگە مانگ لە ئەنجامی پێکدادانێکی گەورە دروست بوبێت و مێژوی ئەم پێکدادانەش  زیاتر لە  چوار ملیار ساڵە.

 

دارێن ویلیامز، مامۆستای فەلەکناسی و فیزیای فەلەکناسی و یەکێک لە نوسەرانی توێژینەوەکە پێی وایە کۆبونەوەی کۆنا گێڕانەوەی زانستی باڵادەستی چوار دەیەی لە قاڵب داوە، وەک راستییەکی کۆتایی پەرەی پێداوە کە مانگ بە دڵنیاییەوە پارچەیەک لە زەوی بوە.

 

ئێستا توێژەرانی زانکۆی ویلایەتی پێنسیلڤانیا پێشنیاری ئەوە دەکەن کە رەنگە مانگ لە کاتی تێپەڕبونی  و نزیکبونەوە  لەلایەن تەنێکی دیکەی بەردینەوە لە سەرەتای دروستبونی کۆمەڵەی خۆردا رراکێشرابێتە نێو خولگەکەوە.

 

زانایانی توێژینەوە نوێیەکە ئاماژەیان بەوە داوە هۆکارێک کە وایان لێ دەکات ئەم گریمانە نوێیە قبوڵ بکەن ئەوەیە:

 

خولگەی ئێستای مانگ لەگەڵ چاوەڕوانییەکاندا ناگونجێت بۆ دروستبونی لە ئەنجامی پێکدادانی زەوی لەگەڵ هەسارەیەکی دیکە، بۆیە ئەم دژایەتییە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە زانایان تیۆرێکی بەدیل بۆ سەرچاوەی مانگ پێشنیار بکەن.

 

بە گوتەی ویلیامز، مانگ زیاتر لەگەڵ خۆردا دەگونجێت نەک لەگەڵ هێڵی کەمەرەیی زەوی. هەروەها لەم توێژینەوەیەدا توێژەران باسیان لەوە کردوە کە چۆن گۆڕانکارییەکانی قەبارە و شێوەی خولگەی مانگیان بە تێپەڕبونی کات شیکردوەتەوە و گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی کە مانگ لە راستیدا لە خولگەیەکی دیکەدا بوە  و بەهۆی  زەویەوە لەم خولگەیەدا گیرخواردوە.

 

زانایان دەڵێن لەگەڵ تێپەڕبونی کات دوای دروستبوونی مانگ دەستی کرد بە دورکەوتنەوە لە هەسارەی زەوی و گەیشتەوەتە ئەو دورییەی کە لە خولگەی ئەمڕۆدا هەیە، و بەردەوامیشە لە دورکەوتنەوە.

 

زانیارییە زانستییەکان دەریدەخەن کە بەپێی کات مانگ لە زەوی دوردەکەوێتەوە، ئێستاش ئەوەندە دورە کە هەردو خۆر و زەوی کێبڕکێ دەکەن بۆ ئەوەی بەرەو خۆیان رایبکێشن.

 

بێگومان ئەم دیاردەیە، واتە دزینی مانگ لە خولگەی هەسارەیەکی تر، پرسێکی ناوازە نییە و لە شوێنەکانی دیکەی کۆمەڵەی خۆریشدا بەدی کراوە.
هەندێک لە زانایان دەڵێن: هەریەکە لە  تێرشن، مانگی نیپتۆن، هەروەها لە سیستەمێکی ئەستێرەیی دوانەیی کە دەکەوێتە پشتێنەی کویپەر لە لێواری کۆمەڵەی خۆرەوە، راکێشراون بۆ ناو خولگەی هەسارەکە.

 

گەرچی گریمانە نوێیەکەی توێژەرانی زانکۆی ویلایەتی پێنسیلڤانیا بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە نایسەلمێنێت کە مانگ لە شوێنێکی دیکەوە بەهۆی هێزی کێشکردنی زەویەوە گیری خواردوە، بەڵام زانایان بە گریمانەیەکی نوێ سەبارەت بە سەرچاوەی مانگ پەرۆشن.

 

ویلیامز دەڵێت: "کەس نازانێت مانگ چۆن دروست بوە"لە ماوەی چوار دەیەی رابردودا تەنها یەک گریمانەمان هەبوە کە مانگ لەوێ چی دەکات و لە کوێوە هاتوە. ئێستا دوو گریمانەی ئەگەریمان هەیە. ئەمەش گەنجینەی پرسیاری نوێ و دەرفەتی زیاتر بۆ لێکۆڵینەوە لەم نهێنییە دەکاتەوە”.

3196 جار خوێندراوەتەوە