دەستڕێژى گولـلە لە هەولێر دوو کەسى کردوەتە قوربانیی

KNN : Kurdish News Network
10:23 - 23/10/2024
کوردستان
+
-

لە دەستڕێژى گولـلەدا کە شەوى رابردو لە شارى هەولێر رویداوە، کەسێک کە بەئامانجگیراوە کوژراوە و کەسێکى دیکەش کە لەشوێنى روداوەکە بوە بەرکەوتوە و بریندار بوە.



هەواڵ:KNNC

 

پەیامنێرى کەى ئێن ئێن لە شارى هەولێر رایگەیاند؛ شەوى رابردو لە گەڕەکى سەرکارێزى شارى هەولێر کەسێک بە ماتۆڕسکیلێک دەستڕێژى گولـلەى کردوەتەسەر هاوڵاتییەک و دەستبەجێ لە شوێنى روداوەکە ئەو کەسە گیانى لەدەستداوە.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە هەر لەکاتى دەستڕێژەکەدا هاوڵاتییەکى دانیشتوى گەڕەکى سەرکارێز کە لەوکاتەدا لەوێبوە فیشەکێک بەر سکى کەوتوە و بریندار بوە کە پیشەى پێشمەرگەیە و خاوەنى دوو منداڵە.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە بریندارەکە نەشتەرگەریی بۆ ئەنجامدراوە  و ئێستا بۆ چارەسەر لە نەخۆشخانەى ئیمێرجنسى شارى هەولێرە و تەندروستى جێگیرە.

 

لەبارەى هۆکارى دەستڕێژى گولـلە و کوشتنى ئەو هاوڵاتییەوە کە بە رەگەز سورییە، پۆلیس ئامادەنەبوە هیچ لێدوانێکى فەرمیی بدات و رایگەیاندوە کە لەئێستادا لێکۆڵینەوە لەسەر روداوەکە دەستپێکردوە و هیچ زانیارییەک رون نەبوەتەوە.

 

هەولێر/ محەمەد کاک ئەحمەد

104 جار خوێندراوەتەوە