بزوتنەوەی گۆڕان: سەرنج و گومان لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن هەیە

KNN : Kurdish News Network
03:08 - 23/10/2024
کوردستان
+
-

بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت: ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لە ئاست چاوەڕوانیمان نەبوە، سەرنج و تێبینیمان لەسەر ئەو دەرئەنجامانە هەیە و چاوەڕوانی راگەیاندنی ئەنجامی کۆتاین؛ بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر دەرئەنجامەکان بدەین.


ئەمەش دەق راگەیەنراوەكەی بزوتنەوەی گۆڕانە


راگەیەندراوێک لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە..

دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی دەنگدەرانی دەکات.

لەبارەی ئەنجامی ڕاگەیەندراویش، لەلایەك لە ئاست چاوەڕوانیمان نەبوە، لەلایەکی دیکەش سەرنج و تێبینیمان لەسەر ئەو دەرئەنجامانە هەیە، بە جۆرێک ڕێژەی دەنگی پوچەڵکراو لە ئاستێکی بەرزدایە، کە گومان لەسەر پرۆسەکە دروست دەکات، بەتایبەت کە ڕێگەنەدراوە لە بنکەکانی دەنگدان بریکارەکانمان ڕوی پێشەوەی پەڕاوی پوچەڵی دەنگدان ببینن و تەنیا مۆری پوچەڵبونی پشتی پەڕاوی دەنگدانەکە نیشاندراوە.

هەربۆیە، داواکارین کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ ڕەواندنەوەی گومانەکان و دڵنیابونەوە و بەراوردکردنی دەرئەنجامەکان؛ ئەنجامەکان بە ئەلیکترۆنی ڕادەستی لایەنەكان بکات. لەکۆتایدا، چاوەڕوانی راگەیاندنی ئەنجامی کۆتاین؛ بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر دەرئەنجامەکان بدەین.


چوارشەمە:٢٣ی١٠ی٢٠٢٤

240 جار خوێندراوەتەوە