ژەمێکی بەرگر لە زنجیرە
چێشتخانەکانی ماکدۆناڵز لە ئەمەریکا کەسێک گیانی لەدەستدا و 49 کەسیش
تەندروستییان تێکچوە.
تەندروستی:KNNC
سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و
خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان لە ئەمەریکا رایگەیاند، بەهۆی بەرگرێکەوە 49 کەس توشی بەکتریای
ئیکۆلای بون و کەسێکیش بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، هەمو
ئەو کەسانەی توشی بەکتریاکە بون وتویانە، دوای خواردنی ژەمێکی بەرگر لە زنجیرە
چێشتخانەکانی ماکدۆناڵز باری تەندروستییان بە خراپی تێکچوە.
ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و
خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان لە ئەمەریکا دەڵێت: تا ئێستا نەیانتوانیوە هۆکاری
نەخۆشییەکە دەستنیشان بکەن، بەڵام گوماندەکەن بەهۆی پیاز و ئەو گۆشتەی بۆ بەرگرەکە
بەکارهاتوە ئەو کەسانە تەندروستییان تێکچوبێت.
لەدوای ئەو روداوە پشکی گەورەترین
زنجیرەی خواردنی خێرا لە جیهاندا لە بازرگانییە درێژخایەنەکاندا بەڕێژەی 6% دابەزیوە.
ئیکۆلای، جۆرێکی بەکتریایە بەشێوەیەکی ئاسایی لە ناو ریخۆڵەکاندا دەژی،
یارمەتی لەش دەدات لە هەرسکردنی خۆراک، بەڵام هەندێک لە جۆرەکانی ئیکۆلای نەخۆشخەرن،
دەبنە هۆی هەوکردن و دەتوانێت بەئاسانی بۆ کەسانی دیکە بگوازرێتەوە.
2583 جار خوێندراوەتەوە