کڵاوێک رێگریی لە هەڵوەرینی قژ دەکات لەکاتى وەرگرتنى چارەسەرى کیمیاییدا

KNN : Kurdish News Network
11:43 - 22/10/2024
تەندروستی
+
-

کۆمپانیای Luminite ی ئێرلەندی بۆ توشبونی شێرپەنجە کڵاوێکی دروست کردوە، بەئاسانی بەکاردێت و بەبێ ئازار لە کاتی وەرگرتنى چارەسەری کیمیاییدا، هەڵوەرینی قژیان بە ڕێژەی 75% کەم دەکاتەوە کە یەکێکە لە لێکەوتە نەرێنییەکانى وەرگرتنى ئەو چارەسەرە.

تەندروستی:KNNC

 

تۆڕى هەواڵى سی ئێن ئین ئەمەریکی بڵاویکردوەتەوە؛ کڵاوەکە ناوی "لیلی"یە و بەشێوازێک دروستکراوە ، لەڕێگەی فشارێکی نەرم لەسەر پێستی سەر،  خێرایی رۆیشتنی خوێن بۆ رەگی قژ خاودەکاتەوە و بەمەش رێگری لە مژینی دەرمانی کیمیایی و هەڵوەرانی قژی نەخۆشەکە دەکات.

لە ئەوروپا توێژینەوە لەسەر کڵاوەکە کراوە و ئەنجامە سەرەتاییەکان دەریانخستوە کە %75ی ئەو نەخۆشانەی کە بەشدارییان لە تاقیکردنەوەی توێژینەوەکەدا کردوە توانیویانە چارەسەری کیمیایی وەربگرن بەبێ ئەوەى دواتر قژیان هەڵبوەرێت.

بە پێی زانیارییەکانی سی ئێن ئێن، کڵاوی "لیلی"  بەئاسانی دەگوازرێتەوە و نەخۆش دەتوانێت بۆ ماوەی 90 خولەک دوای هەر دانیشتنێکی چارەسەری کیمیایی بەبێ بونی هیچ ئازارێک لەسەری بکات.

لە راپۆرتەکەی سی ئێن ئێن دا هاتوە، کە بەم زوانە کڵاوی لیلی،  دەنێردرێت بۆ ئەمەریکا بۆ تاقیکردنەوە کلینیکییەکان، ئەگەر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی فیدراڵی ئەمەریکاوە قبوڵ بکرێت، ئەوا بە هاوکاری کۆمپانیاکانی بیمە بەتەواوی بازاڕی پزیشکیدا بڵاودەکرێتەوە و دەخرێتە خزمەت توشبوانی شێرپەنجەوە.

ئەم شێوازە بۆ رێگریکردن لە هەڵوەرینی قژی توشبوانی شێرپەنجە  دوای ئەوەی لە  تاقیکردنەوە کلینیکییەکان پشتڕاستکراوەتەوە،  بە بەدیلێکی گونجاو دادەنرێت بۆ ئەو شێوازەی ئێستا کە بە "ساردکردنەوەی پێستی سەر" ناسراوە  و جگە لەوەی ئازاری توشبوان دەدات، زۆر سەرکەوتوش نییە لە رێگریکردن لە هەڵوەرینی قژی توشبوانی شێرپەنجە،  کە پێویستە پێش چارەسەری کیمیایی لە یەک کاتدا و دوای چارەسەری کیمیایی بەکاربهێنرێت بۆ رێگریکردن لە هەڵوەرینی قژ.

36 جار خوێندراوەتەوە