لە 25 ساڵی ڕابردودا وێنەی نەبوە.....چارەسەرێکی نوێ هیوا بۆ توشبوانی شێرپەنجە دەگەڕێنێتەوە

KNN : Kurdish News Network
07:26 - 16/10/2024
تەندروستی
+
-

پزیشکەکان لە ڕێگەی توێژینەوەیەکەوە سیستەمێکی نوێی چارەسەری شێرپەنجەی منداڵدانیان ڕاگەیاند، کە ئەگەری مردن بە ڕێژەی 40% کەمدەکاتەوە، ئەمەش "گەورەترین پێشکەوتنە" بەرامبەر بەم نەخۆشییە لە ماوەی 25 ساڵی ڕابردودا.

تەندروستی:KNNC

دکتۆر ماری مەککۆرماک، سەرپەرشتیاری توێژینەکە لە زانکۆی لەندەن، لەبارەی چارەسەرەکەوە  بە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ڕاگەیاندوە؛ دۆزینەوەکە گرنگترین پێشکەوتنە لە چارەسەرکردنی شێرپەنجەی منداڵدان لە 25 ساڵی ڕابردودا.

ئاماژەی بەوەشکرد: ئەمە گەورەترین دەستکەوتە بۆ مانەوەی توشبوانی شێرپەنجەی منداڵدان لەدوای پەسەندکردنی چارەسەری کیمیایی و تیشکدانەوە لە ساڵی (1999)وە، ئەم چارەسەرە ڕێگە بە ژنان دەدات  بە زوی بگەڕێنەوە بۆ  ژیانی ئاسایی خۆیان.


توێژینەوەکە 500 نەخۆشی مێیینەی وەرگرتوە وەک نمونە لە ماوەی 10 ساڵدا، کە لە وڵاتەکانی بەریتانیا، مەکسیک، هیندستان، ئیتاڵیا و بەرازیل بون و توشبوی نەخۆشییەکەبون.

 

توێژەرانی توێژینەوەکە ئەوەیان خستوەتە ڕو  ئەو ئەنجامانەی پێیگەیشتون زۆر دڵخۆشکەرن و ئەگەری مردن بەهۆی نەخۆشییەکەوە بە ڕێژەی 40% کەمبەوەتەوە  و تێپەڕاندنی نەخۆشییەکەش  بە ڕێژەی 35% بوە، لەماوەی کەمتر لە پێنج ساڵدا.

 

دکتۆر ماری مەککۆرماک ئاماژەی بەوەداوە چارەسەرەکە بریتییە لە خولێکی کورتی وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی بەشێوازێکی جیاواز، کە کاتێکی کەم دەخایەنێت، پێش ئەوەی نەخۆشەکان چارەسەری دورمەودای کیمیایی و چارەسەری تیشکی ئەنجام بدەن، کە چارەسەرێکی ستانداردە و بە تێکەڵی  بۆ شێرپەنجەی منداڵدان دەکرێت.


ئەنجامە باشەکانی ئەوسیستەمی چارەسەرکردنە وای لە پزیشکەکان کردوە  لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش  داوای جێبەجێکردنی ئەو سیستەمە نوێیە بکەن بۆ توشبوانی نەخۆشییەکە.


شێرپەنجەی منداڵدان لە جیهاندا  چوارەم جۆری شێرپەنجەیە لەنێو ئافرەتان، بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ساڵانە نزیکەی 660 هەزار حاڵەتی نوێی تووشبون و 350 هەزار حاڵەتی مردن تۆماردەکرێت

698 جار خوێندراوەتەوە