چیرۆکى هەڵاتنى گەورە لە چاکسازى سلێمانى رویدا... براکەى ئازادکردوە و خۆى چوەتە شوێنى لە زیندان

KNN : Kurdish News Network
11:22 - 31/10/2024
کوردستان
+
-

نزیک لە روداوەکانى زنجیرەى بەناوبانگى هەڵاتنى گەورە، لە چاکسازى گەورانى سلێمانى لەکاتى سەردانیکردنى زیندانیاندا، برایەک برا تاوانبارەکەى ئازاد دەکات و خۆى دەچێتە شوێنى ئەم روداوەش دواى 24 کاتژمێر ئاشکرا دەبێت و ئێستا لیژنەى لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە.

 

هەواڵ:KNNC

 

سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتى چاکسازى گەورانى سلێمانى بە کەى ئێن ئێن،ى راگەیاند؛ رۆژى رابردو لەکاتى سەردانیکردنى زیندانیاندا، زیندانییەک دەچێتە شوێنى برا تاوانبارەکەى کە دۆسیەى کوشتنى بەسەردا ساغبوەتەوە و سزاى سێدارەى بۆ دەرکراوە.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە دواى تەواوبونى ماوەى سەردانییەکە، برا تاوانبارەکە چوەتە دەرەوەى زیندان و براکەى دیکەى لەجێی چوەتە زیندان، ئەم ئاڵوگۆڕەش هەستى پێنەکراوە تا بەیانى ئەمڕۆ سەرژمێرى (تەعداد) بۆ زیندانییەکان کراوە.

 

سەرچاوەکەى چاکسازى گەورانى سلێمانى ئەوەشى ئاشکرا کرد کە لەئێستادا ئەو کەسەى خۆى وەک براکەى ناساندوە و چوەتە شوێنى لە زیندانە و لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەش لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتى چاکسازییەکانى هەرێم پێکهێنراوە و لێکۆڵینەوە دەکرێت لەوەى چۆن دەکرێت کەسێک چەندین ساڵە حوکم بێت و بەو ئاسانییە بتوانێت بڕواتە دەرەوە.

 

سلێمانى/ بڕیار نامیق

1205 جار خوێندراوەتەوە