سەرۆکى نوێی ئەمەریکا، لەگەڵ ئەو موچەیەى بۆ پۆستەکەى وەریدەگرێت،
لەگەڵیشیدا چەند شایستەیەکى دیکەى دارایی و ئاسانکاریی لەگەڵ
مانەوەى لە کۆشکى سپى وەردەگرێت، سەرۆک لەکاتە بەتاڵەکانیدا بڕە پارەیەکى زۆرى بۆ
تەرخانکراوە کە خەرجیان بکات، ئەمە جگە لە تێچوى گۆڕینى دیکۆر و پاسەوانە
نهێنییەکانى لێرەدا باسیان دەکەین:
موچە گەورەکە
لە ساڵى 2001 کۆنگرێستى ئەمەریکا موچەى
بنەڕەتى سەرۆکى وڵاتەکەى لە 200 هەزار دۆلارەوە بۆ 400 هەزار دۆلار بەرزکردەوە،
لەگەڵیشیدا ساڵانە 50 هەزار دۆلار وەک شایستە و بۆ خەرجییە زیادەکان وەردەگرێت.
لەگەڵیدا هەمو سەرۆکێکى ئەو وڵاتە 100
هەزار دۆلار بۆ خەرجیی گەشتکردن وەردەگرێت 19 هەزار دۆلاریش بۆ بەسەربردنى
کاتەکانى و موچەکەشى باج دەچێتەسەرى.
بودجەى گۆڕینى دیکۆرى کۆشکى سپى
هەر سەرۆکێکى نوێ کە سەرەتا دەچێتە
کۆشکى سپى، 100 هەزار دۆلار بۆ گۆڕین و چاککردنى دیکۆر و کەلوپەلەکان وەردەگرێت.
بودجەى چاککردنەوە
تێچوى چاککردنەوە لە کۆشکى سپى ساڵانە
دەگاتە نزیکەى چوار ملیۆن دۆلار، بەڵام سەرۆک خۆى ئەم تێچوانە نادات و تەنها تێچوى
کرێی کارگوزارەکان و ئەو تیمانە دەدات کە لە ئاهەنگەکاندا کارى پاککردنەوە دەکەن.
ئامڕازەکانى کات بەسەربردن
لە کۆشکى سپى کۆمەڵێک شوێن تەرخانکراون کە ئامڕازەکانى کات
بەسەربردنیان تێدایە وەک هۆڵى بۆڵێنگ و مەلەوانگە و یاریگاى تۆپى تێنس و سینەما.
تێچوەکانى دیکە
لەو شتانەى دیکە کە سەرۆکى ئەمەریکا
لەکاتى بەتاڵیدا چێژى لێوەردەگرێت و کاتى لێ بەسەردەبات هاوینەهەوارى "کامپ
دەیڤد"ە کە دەکەوێتە باکورى رۆژئاواى واشنتۆن، سەرۆک بۆ چونە ئەم شوێنە
فڕۆکەى بۆینگ 200-747 بى بەکاردێنێت کە تێچوەکەى لە کاتژمێرێکدا نزیکەى 200 هەزار
دۆلارە.
پاراستنى سەرۆکایەتیی
هەمو سەرۆکێکى ئەمەریکا خزمەتگوزاریی
پارێزگارى نهێنى هەیە کە تا ئەوکاتەى پۆستەکەى جێدەهێڵێت بەردەوام دەبێت، بودجەى
پاسەوانە نهێنییەکانیش بەپێی داتاکانى وەزارەتى ئاسایشى ناوخۆ 1.9 ملیار دۆلارە.
639 جار خوێندراوەتەوە