وتەبێژى حکومەتى ئێران لەبارەى سەرکەوتنى
دۆناڵد ترەمپ، کاندیدى کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتییدا دەڵێت: هیچ
کاریگەرییەکى لەسەریان نابێت و دەڵێت: ئێران سیاسەتى جێگیرى و کەسایەتییەکان ناتوانن
بیگۆڕن.
هەواڵ:KNNC
فاتمە مهاجرانى، وتەبێژى حکومەتى ئێران
رایگەیاندوە؛ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیی ئەمەریکا پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، ئێمە
سیاسەتمان جێگیرە و لەسەر بنەماى کەسایەتییەکان ناگۆڕێت، تەواوى ئامادەکارییەکان
پێشوەختە کراون و ئەم ئەنجامانە کاریگەریی لەسەر ژیانى خەڵکى ئێران دروست ناکات.
لەگەڵ ئەوەى سوپاى پاسدارانى وڵاتەکە تا ئێستا
هیچ لێدوانێکى لەبارەى سەرکەوتنى ترەمپەوە بڵاونەکردوەتەوە، بەڵام عەلى فەدوى،
جێگرى فەرماندەى گشتى سوپاى پاسداران رایگەیاندوە؛ ئیسرائیل تواناى روبەڕوبونەوەى
ئێمەى نییە و بەردەوامیش دەبین لە روبەڕوبونەوەیان.
زۆرینەى بەرپرسانى عەرەب، پێشبینى دەکەن
هاتنەوەى ترەمپ ماناى سەپاندنى سزاى زیاترى ئەمەریکا بێت بەسەر ئێراندا لەڕێی
توندکردنەوەى سزاکانى کەرتى نەوت و ئەگەرى هێرشى ئیسرائیل بۆسەر پێگە ئەتۆمییەکان
و کوشتنى سەرکردەکانیان.
لە خولى یەکەمى سەرۆکایەتیی ئەمەریکادا ترەمپ
چەندین سزاى بەسەر ئێراندا سەپاند دواى کشانەوەى لە رێککەوتنى ئەتۆمیی کە لەنێوان
هەردو وڵات ساڵى 2015 ئەنجام درابو.
دواتر لە ساڵى 2018 ئەمەریکا سزاى لەسەر نەوتى
ئێران دانا و ئەمەش تارانى ناچار کرد بە بەرزکردنەوەى باج لە وڵاتەکە ئەمە جگە لەو
کورتهێنانەى لە بودجە روبەڕوى بوەوە و هەڵاوسانیش بۆ 40% بەرزبوەوە.
لەگەڵ هەمو ئەمانەشدا، بەهاى تمەنى ئێرانى
دابەزینى بەرچاوى بەرامبەر بە دۆلار تۆمار کرد کە تا ئەمڕۆش بەردەوامى هەیە بە
جۆرێک 100 دۆلارى ئەمەریکى بەرامبەر بە حەوت ملیۆن تمەنە.
136 جار خوێندراوەتەوە