ترەمپ گەڕایەوە بۆ كۆشكی سپی

KNN : Kurdish News Network
04:41 - 06/11/2024
جیهان
+
-

ترەمپ بە فایلە قورسە نێودەوڵەتییەکانەوە دەگەڕێتەوە بۆ کۆشکی سپی و لەسەرەتاشدا بەڵێنی بەکۆتایی هێنان بەجەنگەكانی داوە، ئایا سەرۆکایەتی دوەمی ترەمپ چۆن دەبێت؟


هەواڵ: (KNNC)


ئەمڕۆ چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشوی ئەمەریكا و كاندیدی كۆمارییەكان گرەوەکەی لە ركابەرەكەی بردەوە و توانی سەرکەوتو بێت لە گەڕانەوە بۆ کۆشکی سپی، سەرکەوتنەكەشی بوەتە جێگەی مشتومڕ و سەرسوڕمانی بەرفراوان لە ئەمەریکادا و لەسەرانسەری جیهاندا دەنگی دایەوە.


سەرکەوتنەکەی دۆناڵد ترەمپ زۆر خێرا بو، لەبەر ئەوەی لەگەڵ ركابەرەكەیدا لەسەر هەردو ویلایەتی  کارۆلینای باکور و جۆرجیا، لە كێبڕكێدابون، هەروەها پێش ئەوەی پێنسیلڤانیا و ویسکۆنسێن بڕیاری كۆتایی بدەن و بەفەرمی سەرکەوتنەکەی رابگەیەنرێت، كاندیدی کۆمارییەكان لەلایەن سەرۆک و بەرپرسانی دەرەوەی وڵاتەكەیەوە پیرۆزبایی دوبارە بونەوە بەسەرۆكی پێگەیشت.


ساڕێژکردنی برینەکان

 

دوای بەجێهێشتنی كۆشكی سپی لە ساڵی (2016)ـدا، دۆناڵد ترەمپ كاری لەسەر گێڕانەوەی متمانەی ئەمەركییەكان كرد كە لە هەمو کەسێک باشترە لە كاتە سەختەكاندا كە روبەڕویان دەبێتەوە بڕیارە دروستەكەیان بۆ بدات، بەتایبەتی لە دوای ئەوەی جۆ بایدن لە كێبڕكێی كشایەوە و کامالا هاریسی جێگریشی نەیتوانی هەڵمەتێکی باش بۆ رازیكردنی دڵی ئەمەریكییەكان بەڕێوەببات.


گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، دڵی ملیۆنان ئەمەریکی کە کڵاوی سوریان لەسەركردوە خۆش دەكات، لەهەمان كاتیشدا قسە توندیكانی بەرامبەر بە كۆچبەرەكان زۆر کەسی دیکە دەخاتە ناو دودڵی و ترسەوە، بەڵام كە لە (2025/1/20) سوێندی یاسایی دەخوات، ترەمپ ناچار دەبێت برینەکانی وڵاتەكەی ساڕێژ بکات.

 

ئەمڕۆش وەك كاندیدێكی سەركەوتو وتارێكی پێشكەش بە ئەمەریكییەكان كرد كە تیایدا دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، دابەشبونی چوار ساڵی ڕابردو بەجێبهێڵن و ئایندەمان لە پێشە، پێویستە وڵاتەكەیان بەهێز بكەنەوە.


سەرۆکایەتی دوەمی ترەمپ چۆن دەبێت؟

 

دوای ئەوەی بە توندی ڕەخنەی لە خەرجكردنی ملیارەها دۆلاری لە شەڕی ئۆکرانیا گرت، بەڵێنیدا پێش ئەوەی وەك سەرۆكی ئەمەریكا سوێند بخوات، ئەم ململانێیە كۆتایی پێبهێنێت، بەڵام پێدەچێت چارەسەرەكەی ترەمپ  کیێڤ نیگەران بکات.

لەسەر جەنگەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، بەڵێنی ئەوەی داوە كە کۆتایی بە ململانێ توندەكانی ناوچەكە بهێنێت، بەڵام ئەوەی تا ئێستا رون نییە، میكانیزمی چارەسەر و كۆتایی هێنان بەجەنگەكانە.

 

سەبارەت بە پرسەکانی کەشوهەوا، دۆناڵد ترەمپ بەڵێنیداوە كار بۆ راگرتن و كۆتایی هێنان بە رێککەوتنی کەشوهەوای پاریس و گەڕان بەدوای نەوتدا "بە هەر نرخێک بێت" دەكات.

 

لەبارەی ئابوریشەوە، ترەمپ دەیەوێت لەڕێگەی كەمكردنەوەی باج و گومرگەوە "هەلی کار لە وڵاتان كەمبكاتەوە و دەرفەتی كاری زیاتر بۆ ئەمەریكییەكان بڕەخسێنێت"، بەڵام ئەو بابەتەی بەناڕونی ماوەتەوە مافی لەباربردنی منداڵە، نازانرێت بڕیاری ترەمپ بۆ چارەنوسی ئەو مادە یاساییە چییە.

لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا وردەکاری لەسەر داهاتوی ئیدارەی ترەمپ دەرنەکەوتوە، بەڵام ئەوە بۆ ئەمەریكییەكان رون بوەتەوە كە ئیلۆن ماسک، ملیاردێری گەورە كە زیاتر لە (110) ملیۆن دۆلاری لە بانگەشەی ترەمپ خەرجكردوە، بەرپرسیارێتی گەورەی پێدەسپێردرێت.


ئەمریکییەکان بە هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەرۆكی وڵاتەكەیان، جارێكی دیكە بڕیاریاندا پیاوێکی تەمەن (78) ساڵ بكەن بەدەسەڵاتدارترین سەرۆكی جیهان و بڕیاریش وایە لە مانگی یەکی (2025) ببێت بەتەمەنترین سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریکا کە سوێندی یاسایی بخوات.

119 جار خوێندراوەتەوە