سامانە سروشتییەكان: بەغداد نەوتی رەوانەی هەرێم نەكردوە

KNN : Kurdish News Network
07:01 - 02/01/2025
کوردستان
+
-

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم رایدەگەیەنێت: بڕی (243)ملیۆن لیتر نەوتی سپییان بەسەر زیاتر لە ملیۆنێك و (215) هەزار خێزاندا دابەش كردوە و پشكی هەرێمیش لە نەوتی پاڵپشتیكراوی وەزارەتی نەوتی عێراق نەگەیشتوە.

هەواڵ: (KNNC)

 

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە؛ بۆ زستانی ئەمساڵ و لە ماوەیەكی كەمدا بە نرخێكی پاڵپشتیكراو توانیویانە زیاتر لە (243) ملیۆن لیتر نەوتی سپی بە سەر زیاتر لە یەك ملیۆن (215) هەزار خێزان دابەش بكەن کە دەکاتە لە (86%)ـی کۆی نەوتی دابەشکراو.


دەشڵێت: ئەم دابەشكردنە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی گرتوەتەوە، بەڕادەیەك دابەشكردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەكان تەواو بوە، ئێستا تەنیا (12) هەزار و (808) خێزان لە هەرێم ماون كە نەوتییان وەرنەگرتوە.


ئەوەشی خسۆتەڕو، دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر خێزانەكاندا بەم شێوەیە بوە:
هەولێر (400)هەزار و (398) خێزان كە دەكاتە لە (96.5%)
سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەرین (463) هەزار و (869) خێزان كەبەڕیژەیی دەكاتە (89.5%)
دهۆك (194) هەزار و (763) خێزان كە لە (88.6%)
هەڵەبجە (21) هەزار و (890) لە (71%)
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران (87) هەزار و (638) خێزان كە لە (99%)
ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ (47) هەزار و (187) خێزان، كە دەكاتە لە (72.5)


وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، تا ئێستا پشكی هەرێم لە نەوتی پاڵپشتیكراوی وەزارەتی نەوتی عێراق نەگەیشتوە، وێڕای ئەوەی بڕیارە بڕە نەوتێك کە بڕەکەی تەنیا (50) ملیۆن لیترە كە زۆر كەمترە لە پشكی هەرێمی كوردستان و تەنیا بەشی (19%)ـی  پێویستیی خێزانەکانی هەرێمی کوردستانە، چاوەڕوان دەكرێت بە چەند كاروانێك بگاتە هەرێمی كوردستان و لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەوت و کانزاکان بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان لە هەرێمی کوردستان دەست بە دابەشکردنی بکرێت.

73 جار خوێندراوەتەوە