ئاژەڵدۆستان: بەناوى مەترسییەوە سەگ دەکوژن، کەچى تیکتۆک لە ماڵەکانمان بوەتە سەگ و پەلامارى منداڵەکانمان دەدات

KNN : Kurdish News Network
10:50 - 23/01/2025
کوردستان
+
-

رێکخراوى ئاژەڵپارێزانى شارى هەولێر ناڕەزایەتیی دژى بڕیارى کوشتنى سەگى بێلانە دەردەبڕن و دەڵێن: زەوى تەنها بۆ خزمەتى مرۆڤ نییە و رێگاى دیکە هەیە بۆ چارەسەرکردنى کێشەى سەگى بێلانە، جەختیش دەکەنەوە کە فەتواى حەڵاڵکردنى کوشتنى سەگى بێلانە لەسەرەتا تا کۆتایی هەڵەیە.

 

هەواڵ:KNNC


فەرمان فازل، سەرۆکی رێکخراوی ئاژەڵپارێزانی کوردستان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانییدا رایگەیاند؛ کوشتنى ئاژەڵ بە هەمو شێوەیەک دورە لە بەها مرۆڤایەتییەکان و ئەم زەوییە تەنها بۆ خزمەتى مرۆڤ دروست نەکراوە، راستە ساڵانە لە شارەکان خەڵک بەهۆى گەستنى سەگەوە دەبنە قوربانیی، بەڵام ئەمە ماناى ئەوە نییە رێگە بە کوشتنیان بدرێت.


ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە فەتواى مامۆستایانى ئایینى بۆ حەڵاڵکردنى کوشتنى سەگى بێلانە لە سەرەتا تا کۆتایی هەڵەیە  و وتى: ئەوان بە بیانوى ئەوەى سەگ زیانى هەیە فەتوانى کوشتیان داوە، لەکاتێکدا ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلیش زیانیان هەیە و خەڵک دەکوژن بۆ حەرام ناکرێن.

 

وتیشى: مامۆستایانى ئایینى پێویستە فەتواى حەرامکردنى تیکتۆک بدەن کە لەناو ماڵەکانمان بونەتە سەگ و پەلامارى منداڵەکانمان دەدەن، بەڵام ناتوانن ئەو کارە بکەن و هاتون فەتواى کوشتنى بێزمان دەدەن.

 

سەرۆکى رێکخراوی ئاژەڵپارێزانی کوردستان ئەوەشى خستەڕو کە پەروەردەى منداڵانمان ناتەندروستە و هەر لە سەرەتاوە منداڵەکانمان بە سەگ دەترسێنین، کاتێکیش فۆبیا بۆ ئەم منداڵە دروست دەکرێت و ئەویش لەسەر شەقامەکان سەگ دەبینێت کاردانەوەى دەبێت و بەمەش سەگەکان پەلاماریان دەدەن.

 

لەبارەى کوشتنى سەگیش بە چەک لە شارى کەرکوک ئەو ئاژەڵدۆستە ئەوەى خستەڕو کە ئاسایی بوە لەسەردەمى پێغەمبەر (د.خ) سەگى هار بکوژرێت، بەڵام ئێستا چارەسەر هەیە و شێڵتەر هەیە و نەزۆککردن هەیە، بۆیە ئەو کارە بۆ ئێستا بە هیچ شێوەیەک دروست نییە.

144 جار خوێندراوەتەوە