وەزارەتى دارایی: لیستى موچەى هەرێم پاک و بێ کێشەیە

KNN : Kurdish News Network
01:35 - 28/01/2025
ئابوری
+
-

دواى ئەوەى لە بەرنامەى (رۆژەڤ)ـى کەناڵى کەى ئێن ئێن، ئەندامێکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق رایگەیاند؛ نزیکەى 750 هەزار ناوى هاوردە و دوبارە و مردو لە لیستى موچەدا هەیە، وەزارەتى دارایی وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: لیستى موچەى هەرێم پاک و بێ کێشەیە و ئەو ئەندامەى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق دەبو پرسیارى لە سەرۆکی فراکسیۆنەکەی بکردایە کە لەماوەی نزیکەی 10 ڕۆژدا دوو جار لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێم لەهەولێر و بەغداد کۆبوەتەوە.

 

هەواڵ:KNNC


وەزارەتى دارایی و ئابورى لە رونکردنەوەکەیدا دەڵێت: دواى لێدوانى ئەو ئەندامەى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بۆ کەناڵى (KNN) جێی خۆیەتی بپرسین ئەو 750 هەزار ناوی دوبارە و مردوە لە کوێ جێ کراوەتەوە.

 

 جەخت کراوەتەوە کە لیستی موچەی هەرێم پاک و بێ کێشەیە و بەدرێژایی ساڵی رابردو هەرچی داواکاری و تێبینی وەزارەتی دارایی عێراق هەبوە لەسەر لیستی موچە چارەسەریان کردوە و هیچ راپۆرتێکى وەزارەتى دارایی عێراقیش ئاماژەى بەو ژمارەیە نەکردوە.

 

دەقى راگەیەنراوەکەى وەزارەتى دارایی هەرێم:

لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی ( KNN ) پەرلەمانتارێکی عێراق لە لیستی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەناوی (غەریب ئەحمەد) چەندین چەواشەکاری و ناڕاستی لەسەر لیستی موچەی هەرێمی کوردستان خستووەتەڕو، لە پێناو چەواشە نەکردنی رایگشتی و خستنەڕوی راستیەکان وەک خۆی بە پێویستمان زانی ئەم خاڵانە بخەینەڕو.

 

 

1- ئەو پەرلەمانتارە لە چاوپێکەوتنەکەیدا چەند جارێک جەخت لەوە دەکاتەوە کە نزیکەی 750 هەزار ناوی هاوردەی دوبارە و مردو لە لیستی موچەی هەرێم هەیە، ئەوەش هۆکاری درێژەکێشانی کێشەی موچەیە، ئەوە لە کاتێکدایە میلاکی فیعلی ئێمە بە شارستانی و سەربازی لە بەغداد و لە لیستی موچە نزیکەی 702 هەزار کەسە، جێی خۆیەتی بپرسین ئەو 750 هەزار ناوی دوبارە و مردوە لە کوێ جێ کراوەتەوە.

 

 

 

2- تیمە تەکنیکیەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بەدرێژایی ساڵی رابردو هەرچی داواکاری و تێبینی وەزارەتی دارایی عێراق هەبوە لەسەر لیستی موچە چارەسەریان کردوە، ئەو داتا و زانیاریانەی لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کورستانە، لە وەزارەت و 8 دەستە و سێ سەرۆکایەتی و یەکەکانی ( 70) و ( 80) دێت و دواتر لەوەزارەتمان وردبینی دەکرێت، واتە سەرجەم داتاکان دەبیت بە داتای حکومەتی هەرێم نەک وەزارەتی دارایی، وە هیچ کەس و لایەنێکیان ئامادە نییە بەبێ ئاگاداریان هیچ ناوێک زیاد و کەم بکرێت.

 

 

3- بەدرێژایی ساڵی رابردو لە هیچ راپۆرتێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و نوسراوی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بەهیچ جۆرێک ئاماژە بەبونی ژمارەیەکی لەو شێوەیە و کێشەی لەو جۆرە نەکراوە، وەک ئەو بەناو پەرلەمانتارە باسی دەکات.

 

 

4- بەپێویستی دەزانین لێرەوە رایبگەیەنین کە لیستی موچەی هەرێم پاک و بێ کێشەیە، بەڵگەش بۆ ئەوە هەمو ئەو پارانەی لەمانگی شوبات تا حوزەیران وەزارەتی دارایی فیدراڵ بەبیانوی بونی ناوی دوبارە و لەیەکچو، کێشەی بایۆمەتری و ژمارەی وەزیفی رایگرتن، دوای پێدانی رونکردنەوە و خستنەڕوی داتا و زانیارییەکان سەرجەم ئەو لێبڕینانە خەرج کرایەوە.  

 

 

5- باشتر بو ئەو پەرلەمانتارە پێش چاوپێکەوتنەکەی پرسیاری لەسەرۆکی فراکسیۆنەکەی بکردایە کە لەماوەی نزیکەی 10 رۆژدا دوجار لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێم لە هەولێر و بەغداد کۆبوەتەوە، جەنابیان لەکوێ بوە بۆ ئەوەی لەو ماوەیە پرسیار لەسەرۆکی فراکسیۆنەکەی بکات بۆ وەرگرتنی داتا و زانیاریەکان، تا بزانێت ئەوە هەرێمی کوردستانە هەمو پابەندییەکانی خۆی لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەی موچەی موچەخۆران جێبەجێ کردوە، نەک لە بێ ئاگاییەوە بێت ژمارەی ناڕاست و بێبنەما بخاتەڕو بۆ چەواشەکردنی رایگشتی و فەرمانبەران.     

 

 

6- پرسی موچە کێشەیەکی کۆن و گشتگیرە و تەنها وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لێی بەرپرسیار نییە، بەڵکو هەمو بابەتێکی تایبەت بە موچە لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر دەدرێت و هەمو لایەنە بەشداربوەکانی کابینەی نۆیەم بەپێی رێژەی خۆیان بەرپرسن لەو کێشەیە، نە وەزیری دارایی و نە وەزارەتەکەی هێزی سەربازی و پێشمەرگە و میلیشیای نییە، تەنانەت پارێزگاری وەزیر و وەزارەتیش لەلایەن هێزەکانی ناوخۆوە دەکرێت، بۆیە کاری بەناو زیادکردنی نەمردو نەزیندوو نییە، کێ خاوەنی ئەوانەن بەڕێزی ئەگەر دەوێرێت با بچێت پرسیاریان لێ بکات.    

 

7-جێی خۆیەتی بپرسین کاک غەریب نوێنەرایەتی کێ دەکات لەبەغداد!؟.  

 

 

ئەگەر نوێنەری کوردە پێویستە پاساو بۆ موچە و نان بڕینیان بهێنێتەوە و بەبێ بەڵگەش حکومەتی هەرێم تاوانبار بکات، نازانین ئەم هەڵوێستانە ئەبێت خزمەتی کێ بکات، ئایا بەڕاستی جەنابیان نوێنەری کوردە لەبەغداد!؟.        

 

 

 بەڕێزیان ئەبێت چاوەڕوانی ئەوە بکات لەدادگا ئەم بوختان و ناهەقیانە بسەلمێنێت.         

 

 

وەک وەزارەتی دارایی پێشتریش چەندین جار رامانگەیاندوە دەرگای وەزارەتمان بۆ پێدانی داتا و زانیاری کراوەیە، ئەگەر جەنابی دڵسۆز بو دەبوایە خۆی بەدواداچونی بکردایە، نەک قسەی سەر تەلەفزیۆن کە لە هەمو شتێک ئاسانترە. 

 

454 جار خوێندراوەتەوە