چۆمان محەمەد: تەوتین دەروازەی چارەسەری کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمە

KNN : Kurdish News Network
06:39 - 01/02/2025
کوردستان
+
-

رێكخەری ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت: بەهۆی موچەوە پرسە چارەنوسسازەکانی کورد لەعێراق بەتەواوی فەرامۆشکراون و لەبنەرەتیشدا تەوتین دەروازەی چارەسەرکردنی کێشەی موچەی فەرمانبەرانە، ئاشكراشی دەكات كە چارەنوسی موچەی مانگی (12) رونییە و دیزە بەدەرخۆنەکراوە.

 

هەواڵ: (KNNC)


چۆمان محەمەد، رێكخەری ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان بە (KNN)ـی راگەیاند: لە ئێستادا بەهۆی بابەتی موچەوە پرسە گرنگ و چارەنوسسازەکانی کورد لەعێراق بەتەواوی فەرامۆشکراون، حکومەتی هەرێم کەمتەرخەمی کردوە هەر ئەمەش هۆکارە بۆ چارەسەرنەکردنی پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، لەبنەرەتیشدا تەوتین دەروازەی چارەسەرکردنی کێشەی موچەی فەرمانبەرانە.


وتیشی: جیاوازییەکی زۆر لە تێڕوانینی نێوان عێراق و هەرێم بۆ پرسی تەوتین هەیە، بۆیە دەسەڵاتدارانی هەرێم ناچنە ژێر باری ئەو تەوتینەی بەغداد داوای دەکات، پێیان وایە دابەشكردنی موچە لەڕێگەی بەغدادەوە بەواتای لەقاڵبدانی دەسەڵات و هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی هەرێمە.


رونیكردەوە؛ یەكێكی دیكە لە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد ئەوەیە كە هەڵوێستی حکومەتی عێراقی لەسەر پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕون نییەو بەردەوام لەگۆڕاندایە.


چۆمان محەمەد راشیگەیاند: بەغدادو هەرێم یاری بە هەستی فەرمانبەرانی هەرێم دەکەن، چونكە لە یاسای بودجەدا رێژەیەک بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم دیاریکراوە كە ئەمەوەش کێشەی تێدایە، بەڵام ئەگەر لەبەغداوە موچە بخرێتە سەر حساب بانکی فەرمانبەران ئەوکات دواخستنی پێدانی موچەی فەرمانبەران نامێنێت.


رێكخەری ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان ئامژاەی بۆ ئەوەشكرد، پێدراوە سیاسی و یاساییەکان ئاماژە بۆ ئەوەدەكەن كە چارەنوسی موچەی مانگی (12) رونییە و دیزە بەدەرخۆنەکراو ئەستەمە دابەشبکرێت، هەروەك وتیشی: لەساڵانی داهاتودا و بەپاساوی پارەدارکردنی هەرێم، بەغداد ویستییەتی كە دەسەڵاتی هەرێم بەتەواوی لەقاڵب بدات و لەداهاتودا وەک وەزارەتێک مامەڵەی لەگەڵدا بکات.

104 جار خوێندراوەتەوە