ئەو شاندە هونەرییەی
ماوەی 11 رۆژ لە هەرێمی کوردستان بون، رۆژی پێنجشەممە گەڕانەوە بەغداد و ماوەی دوو
رۆژە کۆبونەوەکانیان دەستپێکردوە، ئەگەر ئەمڕۆ بگەنە رێککەوتنی کۆتایی بڕیارە سبەینێ
یەکەم گوژمەی پارە بۆ موچەی مانگی 1ـی ئەمساڵ رەوانەی هەرێم بکرێت.
هەواڵ:KNNC
پەیامنێرى کەى ئێن ئێن
رایگەیاند؛ لە کاتژمێر 8:00ـى بەیانى ئەمڕۆوە کۆبونەوەى شاندە هونەرییەکەى نێوان
هەرێم و بەغداد دەستپێکردوە، ئەو لیژنەیە چوار راپۆرتیان تایبەت بە کێشەکانى نێوان
هەرێم و بەغداد ئامادەکردوە و بڕیارە تەواوى تێبینییەکانى سەر لیستى موچەى مانگى 1 چارەسەر بکەن
تا جارێکى دیکە کێشە بۆ لیستى موچە دروست نەبێتەوە.
ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد
کە ئەگەر ئەمڕۆ ئەم لیژنەیە بگەنە رێککەوتن، ئەوا ئێوارەى ئەمڕۆ بۆ جارى دوهەم
شاندى باڵاى هەرێم و بەغداد کۆدەبنەوە و بڕیار دەدرێت سبەینێ یەکەم گوژمەى موچەى
مانگى 1ـى ئەمساڵ رەوانە بکرێت.
رۆژى رابردو بۆ ماوەى
چوار کاتژمێر کۆبونەوەى شاندى باڵاى نێوان هەرێمى کوردستان و بەغداد بەڕێوەچو،
وەزیرى دارایی هەرێم رایگەیاند؛ "ئومێد دەکەن رۆژى یەکشەممە پارەى موچە بگاتە
هەرێم" بەپێی زانیارییەکانى کەى ئێن
ئێنیش؛ ئەگەر ئەمڕۆ هەردو شاندە هونەرییەکە لەم کۆبونەوەیەیان ئەو سەرنج و
تێبینییانە چارەسەر بکەن کە وەزیرى دارایی هەیبوە، بڕیار لەسەر ناردنى پارە دەدرێت.
بەشێک لەو تێبینیانەى
لەسەر لیستى موچەى مانگى یەک هەبوە تایبەت بوە بە گواستنەوەى خانەنشینانى یەکەکانى
70 و 80 بۆسەر خانەشینى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان و بەشێکى دیکەیش
پەیوەندیی بە پرسى هاوتاکردنى موچەى خانەنشینانى هەرێمەوە هەیە کە پێش بڕیارەکەى
دادگاى فیدراڵى موچەکانیان هاوتا کراوە.
ئەمڕۆ 1ـى شوباتە، تا ئێستا موچەى مانگى 12 و 1ـى موچەخۆران و فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دابەش نەکراوە، ناڕەزایەتییەکان بەردەوامن و بایکۆت هۆڵەکانى خوێندنى لە شارى سلێمانى گرتوەتەوە، ماوەى پێنج رۆژیشە وەک ناڕەزایەتییەک، ژمارەیەک مامۆستا لە شارى سلێمانى لەبەردەم بیناى نەتەوەیەکگرتوەکان مانگرتنیان راگەیاندوە.
سلێمانى/ بڕیار نامیق
512 جار خوێندراوەتەوە