بەمەبەستى پشتگیریی لە
مامۆستا مانگرتوەکانى شارى سلێمانى، ئەمڕۆ ژمارەیەک مامۆستا لە شارى هەڵەبجەوە بەرەو سلێمانى بەڕێدەکەون و بڕیارە دواتر ئەوانیش هەڵوێستى خۆیان بەشێوەى جیاوازتر رابگەیەنن.
هەواڵ:KNNC
بەیانى ئەمڕۆ شەممە،
ژمارەیەک مامۆستا لە شارى هەڵەبجەوە بەرەو شارى سلێمانى بەڕێدەکەون بەمەبەستى
سەردانکردنى خێمەى مامۆستایانى مانگرتو لە شارەکە و پشتگیریی خۆیانیان بۆ
رادەگەیەنن، بڕیاریشە دواى گەڕانەوەیان هەڵوێست و ناڕەزایەتیی خۆیان بەشێوەى
جیاواز رابگەیەنن.
یەکێک لەو
مامۆستایانەى لە هەڵەبجەوە بەرەو سلێمانى بۆ پشتگیریی مانگرتوان دەچێت بە کەى ئێن
ئێن،ى وت: لە ماوەى ساڵانى رابردودا چەندین رێکارى جیاوازیان گرتوەتەبەر بۆ
دەربڕینى ناڕەزایەتییەکانیان و ئەم مانگرتنەش رێگایەکى دیکەى مەدەنییە بۆ گەیاندنى
دەنگى ناڕازیی و بەدەستهێنانى مافەکان.
بەشێکى دیکەش لە
مامۆستایان ئەوەیان خستەڕو کە ئەوان ئەم سەردانە دەکەن هەم وەک ئەرکێک کە لەسەر
شانیان و هەم وەک پاڵپشتییەکى دەرونى بۆ مامۆستایانى مانگرتو ئەنجام دەدەن و دەڵێن: "پێشتر
چەندین زمانمان تاقیکردوەتەوە و وتومانە کە ناڕازین و مانگرتنیش زمانێکى دیکەى
گەیاندنى ناڕەزایەتییەکانە".
ئەمڕۆ رۆژى پێنجەمە،
ژمارەیەک مامۆستا لە شارى سلێمانى مانگرتنیان راگەیاندوە و لەبەردەم بیناى
نەتەوەیەکگرتوەکان خێمەى ناڕەزایەتییان هەڵداوە و نان و ئاو ناخۆن و ناخۆنەوە،
بەشێکیان تەندروستیان بەهۆى نەخواردن و سەرماوە بەرەو خراپى دەچێت و هێشتاش هیچ
لایەنێکى پەیوەندیدار بەدەم داواکانییانەوە نەچوە.
هەڵەبجە/ئەستێرە حسێن
62 جار خوێندراوەتەوە