سەرما و باران و بەفربارین رو لە ناوچەکانى هەرێمى کوردستان دەکات

KNN : Kurdish News Network
11:20 - 01/02/2025
کوردستان
+
-

دواى ئەوەى ماوەیەکە کەشێکى وشک هەرێمى کوردستانى گرتوەتەوە، پێشبینى دەکرێت شەپۆلێکى باران و سەرما و بەفربارین ناوچە جیاوازەکان بگرێتەوە.

 

هەواڵ:KNNC

 

ئاراس جەبار شارەزای کەشناسییە و پێشبینى دەکات کۆتایی ئەم هەفتەیە و لەرۆژى پێنجشەممە 6ـى2 کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆیەکی جەمسەری لە دەریای ناوەراستەوە بۆ سەر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان درێژ ببێتەوە و شەپۆلێکی مامناوەندی بەفر و بارانبارین ناوچە شاخاویەکان و بە لاوازی و پچر پچری بارانبارین شار و ناوچە نزمەکانیش بگرێتەوە.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە کە شەپۆلەکە بارستە ھەوایەکی ساردی لەگەڵ دەبێت بەھۆیەوە پلەکانی گەرما بەنزیکەی 7 تا 10 پلەی سەدی نزم دەبنەوە و  بەفر لەسەر ناوچە شاخاویەکان لە بەرزی 1100 مەتر لە ئاستی روی دەریاوە دەبارێت.

 

ئاراس جەبار پێشبینى دەکات ئەم شەپۆلە کاریگەرییەکەى تا ئێوارەى رۆژى هەینى واتا 7ـى 2 بمێنێتەوە و رۆژانى دواى شەپۆلەکەش پلەکانى گەرما بە نزمیی دەمێننەوە و کەشوهەوا هەر سارد دەبێت.

 

کەشناسى سلێمانى پێشبینى کەشوهەواى 48 کاتژمێرى داهاتوى بڵاوکردوەتەوە و بەوپێیە؛ ئەمڕۆ و سبەینێش ئاسمان ساماڵ دەبێت و بەرزترین پلەکانى گەرماش بۆ سبەینێ بەمجۆرە دەبن:

هەولێر : 18
سلێمانی : 17
دهۆک : 18
زاخۆ  : 18
هەڵەبجە : 19
کەرکوک : 20
گەرمیان : 22

979 جار خوێندراوەتەوە