سودانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە ئاڵۆزییەکانی سەرگەڕان پێکهێنا

KNN : Kurdish News Network
10:33 - 18/02/2025
کوردستان
+
-

سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانیکرد بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە و بەدواداچون بۆ ئاڵۆزییەکانی ناحیەی سەرگەڕان لە کەرکوک، نوێنەری هەمو لایەنەکانیش تێیدا بەشدار دەبن.

 

هەواڵ:KNNC

 

 بەگوێرەی راگەیەنراوێکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق، محەمەد شیاع سودانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بەدواداچونی وردی بۆ ئەو ئاڵۆزییانە کردوە کە دوێنی لە پارێزگای کەرکوک رویاندا و رێگری لە جوتیاران کرا بچنە سەر زەوییە کشتوکاڵییەکانیان.

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، سودانی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی راسپاردوە بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی باڵا کە نوێنەرایەتی هەمو لایەنەکان بکات بۆ بەدواداچون لە تەواوی وردەکاری روداوەکە، هەروەها بریکاری وەزارەتی دادی رەوانەی پارێزگای کەرکوک کردوە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست سەبارەت بەو زەوییانەی کە جێی بایەخی هاوبەشی نێوان ناوچە فیدراڵییەکان و هەرێمی کوردستانە.

 

هاوکات، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێرا داوا لە هێزە ئەمنییەکان لە سوپا، ناوخۆ، پێشمەرگە، حەشدی شەعبی و دەزگا ئەمنیی و هەواڵگرییەکان دەکات پابەندی یاسا و رێنماییەکان بن و دان بەخۆیاندا بگرن و ژیرانە مامەڵە بکەن.

98 جار خوێندراوەتەوە