لەلایەن ئیتلاعاتی ئێران و بە هاوکاری
بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری شوێنەکان، هەڵمەتێک بۆ رێگریکردن لە پۆشینی جلی خاکی
و جامانە لەلایەن هاوڵاتییانەوە دەستیپێکردوە، ناوەندێکی مافی مرۆڤیش
ئاشکرای دەکات، لەماوەی دو مانگی رابردودا زیاتر لە 50 هاوڵاتیی بە تۆمەتی پۆشینی
جلی خاکی و لەسەرکردنی جامانە بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکان کراون.
هەواڵ:KNNC
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە راپۆرتێکدا
ئاشکرایکردوە، لەم دواییانەدا ئیتلاعاتی ئێران بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتیی
چاودێریکردنی شوێنەکان، لەڕێگەی فشار خستنەسەر هۆڵەکانی تایبەت بە رێوڕەسمەکان لە
شارە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، هەوڵیانداوە رێگریی لە پۆشینى جامانە و جلى
خاکى بکەن.
بە گوێرەی زانیارییەکانى هەنگاو لە ماوەی مانگی
رابردودا هۆڵێک بۆ ماوەی سێ هەفتە و هۆڵێکی دیکە بۆ ماوەی دو هەفتە داخراون
و ناوەندە ئەمنییەکان هەڕەشەشیان کردوە کە لە ئەگەری بەڕێوەچونی رێوڕەسمەکان
بەو دو هێمایەوە، هۆڵەکانیان بۆ ماوەیەکی زۆرتر دادەخرێت.
هەنگاو ئاشکرایشیکردوە ، لە سەرەتای مانگی 1ی ئەمساڵەوە،
لانیکەم 58 هاوڵاتیی کورد لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان و پیرانشار بە تۆمەتی پۆشینی
جلی خاکی و بەکارهێنانی جامانە بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکان کراون.
121 جار خوێندراوەتەوە