لە سەنتەرى شارى سلێمانى دەستکراوە بە
لابردنى کامێرا رادارە جێگیرەکان و لەجێی ئەوانیش کامێراى دیجیتاڵى پێشکەوتوتر
دادەنرێت کە جگە لە تیژڕۆیی سەرپێچى دیکەیش تۆمار دەکات.
هەواڵ:KNNC
کامێرا رادارە جێگیرەکانى رێگاى
راپەڕین-تاسڵوجە لە شارى سلێمانى لابراون
و لەبارەى هۆکارەکەیشەوە عەمید ئاسۆ محەمەد، بەڕێوەبەرى هاتوچۆى سلێمانى بە کەى
ئێن ئێن،ى راگەیاند؛ ئەم کامێرایانە سیستمەکەیان دیجیتاڵى و پێشکەوتو نەبوە و بۆ
تۆمارکردنى سەرپێچییەکان لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان هەفتانە دەبو لەڕێی فلاشەوە
سەرپێچییەکان ببرێنەوە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان و تۆمار بکرێن.
ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە لەبەر ئەو هۆکارە
تەواوى ئەو کامێرا رادارە جێگیریانە لە سەنتەرى شارى سلێمانى دانراون و ژمارەیان
24 کامێرایە کە لە بازنەیی مەلیک مەحمود تا رێگاى تاسڵوجەیە لادەبرێن و لەجێگەیان
کامێراى دیجیتاڵى پێشکەوتو دادەنرێت کە جگە لە تۆمارکردنى خێرایی نەبەستنى پشتوێنى
سەلامەتیی و بەکارهێنانى مۆبایلیش تۆمار دەکات.
ئاشکرایکرد کە دانانى ئەم کامێرا نوێیانە لە داهاتویەکى نزیکدا کۆتایی دێت و جێگیر
دەکرێن.
لەبارەى قۆناغە سێهەم و چوارەمى کامێراکانى
پۆینت تو پۆینت، بەڕێوەبەرى هاتوچۆى سلێمانى ئاشکرایکرد کە لە داهاتویەکى نزیکدا
قۆناغى سێهەمى کامێراکان لە سلێمانى-هەڵەبجە دەستپێدەکات و دواتریش لە رێگاى سلێمانى-دەربەندیخان-کەلار
دادەنرێن.
سلێمانى/ بڕیار نامیق
499 جار خوێندراوەتەوە