ئێران: لەژێر فشاردا گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا ناکەین

KNN : Kurdish News Network
06:24 - 25/02/2025
عێراق
+
-

لەژێر هیچ فشارێك و هەڕەشەیەكدا تاران دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەنجام نادات.


هەواڵ: (KNNC)


ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ هاوتا روسییەکەی لە تاران، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: وڵاتەكەی لەژێر هیچ فشارێك و هەڕەشەیەكدا دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەنجام نادات.


وتیشی: كۆماری ئیسلامی ئێران هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشەکانی كە روسیا و چینە بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاوتوێ كردوە و شارەزاکانیان لە پەیوەندی ڕاستەوخۆدان، هەروەها بەردەوام دەبن لەسەر جێبەجێكردنی بەرنامەكانیان.


وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی كردەوە كە، هەڵوێستی تاران لەسەر دانوستانە ئەتۆمییەکان رونە و تا ئەو كاتەی سیاسەتی زۆرترین فشار لەلایەن ئەمەركیاوە بۆسەر ئێران جێبەجێ بكرێت، ناچنە هیچ دانوستانێکەوە.


لای خۆشیەوە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی بەرنامە  ئەتۆمییەكەی ئێران، مۆسکۆ دڵنیایە لەئەوەی كە تا ئێستاش رێوشوێنە دیپلۆماسییەکان لەسەر مێزی گفتوگۆن.


ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، لەگەڵ بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران كراوە بۆیە پلانی هەمەلایەنەی هاوبەش لەنێوان هەردو وڵاتدا گەڵاڵەكراوە.

299 جار خوێندراوەتەوە