ترەمپ: دوای پرۆسەی ئاشتی ئیتر پوتین ئۆکرانیا داگیر ناکاتەوە

KNN : Kurdish News Network
10:07 - 27/02/2025
جیهان
+
-


 ئەمڕۆ پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ، رایگەیاند متمانەم بە ڤلادیمێر پوتین هەیە؛ قسەی خۆی ناشکێنێت و  لەدوای ڕێککەوتنی ئاشتی جارێکی دیکە هێرش ناکاتەوە سەر کێیڤ و جەختیشیکردەوە کە ئۆکرانیا ناچێتە ناو ناتۆ.

هەواڵ:KNNC

ترەمپ لە میانی کۆبونەوەی  لەگەڵ کیر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند، پوتین قسەی خۆی دەباتە سەر و دوای ڕێکكەوتن جارێکی دیکە، هێرش ناکاتەوە سەر ئۆکرانیا.


 لە میانی کۆبونەوەکەیدا، سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند؛  پێش ئەوەی بڕیار لەبارەی جێگیرکردنی هێزی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی بدەین لە ئۆکرانیا، دەبێت ڕێکكەوتنەی ئاگربەست جێ بەجێبکرێت.

پێشتر کۆشکی کرملین، داوایەکی ترمپی بۆ بونی هێزە ئاشتیپارێزەکان لە ئۆکرانیا ڕەتکردەوە و بە هەڕەشەی راستەوخۆی وەسفکردبو  بۆ سەر وڵاتەکەیان.

ترامپ ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەنجامدانی "رێکكەوتنەکە" دەبێت ئەولەویەت بێت، بە پێچەوانەی  هەڵوێستەکانی وڵاتانی ئەوروپا کە دەیانەوێت هەنگاوەکانی دەستەبەرکردنی ئاسایش لە ئۆکرانیا ببنە بەشێک لە گفتوگۆکان بۆ گەیشتن بە یەکلاییکردنەوەی شەڕەکە.

ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە ئۆکرانیا "ناچێتە ناو ناتۆ" و ڕێککەوتنی کانزاکانی ئەمەریکا و ئۆکرانیا لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی واژۆ دەکات.

بڕیار وایە سبەینێ هەینی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەردانی کۆشکی سپی بکات و لەگەڵ ترەمپدا واژو بکات لەسەر  ڕێکكەوتنی کانزا دەگمەنەکانی ئۆکرانیا.

305 جار خوێندراوەتەوە