زیلینسکى: هیچى هەڵە روینەداوە و پێویست ناکات داواى لێبوردن لە ترەمپ بکەم

KNN : Kurdish News Network
09:23 - 01/03/2025
جیهان
+
-

سەرۆکى ئۆکرانیا لەبارەى کۆبونەوەکەى لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و دروستبونى گفتوگۆیەکى توند لەنێوانیان دەڵێت: من رێزى سەرۆکى ئەمەریکا و گەلەکەى دەگرم، بەڵام هیچ روداوێکى خراپ لەنێوانمان روینەداوە و پێویست ناکات داواى لێبوردنى لێبکەم.

 

هەواڵ:KNNC


ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دوای دەرچونی لە کۆشکی سپی بە کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمەریکی راگەیاندوە: رێز لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریکا و گەلەکەى دەگرێت.

 

لە بارەی ئامادەیی داوای لێبوردن لە ترەمپ، سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەکرد: پێی وانییە هیچ شتێكی خراپیان کردبێت تا پێویست بکات داواى لێبوردن بکات و جەختیشى کردەوە ئەوەى کە رویدا لە سودى هیچ لایەنێکیان نەبوە.

 

دوپاتی کردوەتەوە: دەتوانن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمەریکا چاک بکەنەوە، هەر بۆیە نایانەوێت ئەمەریکا وەك هاوبەشێكی رستەقینە لەدەست بدەن.

 

وتوشیەتى: نازانم روبەڕوبونەوەکەم لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و جەی دی ڤانس،ی جێگری، تەڵەیەکی پێشوەختە بوە یاخود نا.

 

ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی ئەوەشی خستوەتەڕو: ئاشتییان دەوێت، هەر ئەو هۆکارەشە وایکردوە سەردانی کۆشکی سپی بکات، هەر بۆیە ترەمپ نێوەندگیرییەکی یەکسان دەبێت لە نێوان ئۆکرانیا و روسەکاندا.

 

هاوکات سەرۆکی ئۆکرانیا لە بڵاوکراوەیەکدا لە ئێکس: سوپاسی ئەمەریکا و پاڵپشتییەکانی و گەل و کۆنگرێسمانەکان دەکات، رایگەیاندوە: ئۆکرانیا پێویستی بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام هەیە.

940 جار خوێندراوەتەوە