ژاپۆن؛ لە دارستانێكی 1200 هێكتاری ئاگر كەوتوەتەوە

KNN : Kurdish News Network
03:52 - 01/03/2025
جیهان
+
-

لە رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردوەوە ئاگرێكی گەورە لە ژاپۆن دارستانێكی هەزار و (200) هێكتاری كەوتوەتەوە، بۆ كۆنترۆڵكردنیشی هەزار و (700) ئەندامی بەرگری شارستانی لە شوێنی روداوەكەن.


هەواڵ: (KNNC)


فەرمانگەی روبەڕوبونەوەی روداوەكانی ئاگركەوتنەوەی ژاپۆن رایگەیاند: لەرۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردوەوە ئاگرێكی گەورە لە لە دارستانی ئۆفوناتۆ لە پارێزگای ئیواتێ (باکور) كە روبەڕەكەی هەزار و (200) هێكتارە، كەوتوەتەوە كە لە دوای ئاگرەكەی ساڵی (1992) گەورەترین ئاگرە لە ئەو ناوچە كەوتبێتەوە.


وتیشی: تیمەكانیان لێكۆڵینەوە لە هۆكاری روداوی ئاگركەوتنەوەكە دەكەن كە زیانێكی گەورەی بە دارستانەكە گەیاندوە.


رونیكردوەتەوە كە، بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكە زیاتر لە هەزار و (700) ئەندامی فەرمانگەكانی ئاگركوژاندنەوە لە سەرەتاسەری وڵات هاتونەتە شوێنی روداوەكە كە بەپێی خەمڵاندنەكان تا ئێستا (30) هێكتار دارستانەكە زیانی بەركەوتوە.


فەرمانگەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، بەهۆی دروستبونی مەترسی لەسەر ژیانیان، زیاتر لە هەزار كەس كە دانیشتوانی ناوچەكانی نزیك ئاگرەكەن شوێنەكەیان بەجێهێشتوە، هاوكات شارەوانی ئۆفوناتۆ رایگەیاندوە كە زیاتر لە (80) باڵەخانە زیانیان بەركەوتوە.


لای خۆشیەوە پۆلیسی ژاپۆن بڵاویكردوەتەوە كە، رۆژی پێنجشەممە تەرمی کەسێکی دۆزیوەتەوە كە کە سوتاوە و بەو هۆیەشەوە گیانی لە دەستداوە.


بەپێی ئامارەكانی فەرمانگەی روبەڕوبونەوەی روداوەكانی ئاگركەوتنەوەی ژاپۆن، لە ساڵی (2023)ـدا زیاتر لە هەزار و (300)  حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەكانی ئەو وڵاتە تۆمارکراوە، كە ژمارەیەكی زۆری ئاگركەوتنەوەكان لە نێوان مانگی شوبات و نیساندا بوە كە هۆكارە سەرەكیەكەشی بۆ وشکبونەوەی كەش و هەوا و خێرایی با گەڕاندوەتەوە.

91 جار خوێندراوەتەوە