بزوتنەوەی حەماس وەڵامی دەستپێكردنەوەی دانوستان دایەوە و دەڵێت: ئامادەیە
كە سەربازە ئیسرائیلییە – ئەمەریكییەكە و چوار تەرم رادەست بكات.
هەواڵ: (KNNC)
ئەمڕۆ هەینی، بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی وەڵامی بۆ دەستپێكردنەوەی
دانوستانەكانی لەگەڵ ئیسرائیل لەڕیگەی نوسراوێكەوە ئاڕاستەی شاندی نێوەندگیری
كردوە كە تیایدا هاتوە؛ حەماس بەرپرسانە و ئەرێنی مامەڵەی لەگەڵ ئاگربەستەكەدا كردوە
و ئێستاش ئامادەیە كە عەیدان ئەلێکساندەر سەربازە ئیسرائیلییە – ئەمەریكییەكە و
چوار تەرم رادەست بكات.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، بزوتنەوەی حەماس ئامادەیە بۆ دەستپێکردنی دانوستان
و گەیشتن بەڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە لەسەر پرسەکانی قۆناغی دوەم، بەڵام دەبێت ئیسرائیلیش
بەتەواوی ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات.
لای خۆشیەوە حوسام بەدران، بەرپرسێكی باڵا لە بزوتنەوەی حەماس جەختیكردەوە؛
كە حەماس پابەندە بەجێبەجێكردنی رێككەوتنی ئاگربەست لە قۆناغە جیاجیاكاندا، بەڵام
ئەگەر ئیسرائیل پێشێلكاری ئەنجام بدات، رێككەوتنەكە دەگەڕێتەوە بۆ خاڵی سفر.
بەرپرسەكەی حەماس وتیشی: بزوتنەوەكە داوای لە ناوبژیوانان کردوە كە هەوڵەكانیان
چڕبكەنەوە بۆ ئەوەی ئیسرائیل پابەندی رێککەوتنی ئاگربەست وڕاگرتنی پێشێلکارییەکان هەروەها
جێبەجێکردنی هەمو بڕگەكانی رێككەوتنە پەسەندکراوەکە بكەن.
حوسام بەدران، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، حەماس پێشوازی لە "هەر پێشنیارێک"
دەکات کە ببێتە هۆی زیاتر و زوتر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیلدا،
بەڵام بە ئەو مەرجەی مافەکانی گەلی فەلەستین مسۆگەر بکات.
29 جار خوێندراوەتەوە