له‌باره‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی دراوی ئه‌لیكترۆنی و فۆڕێكس ئاسایشی هه‌ولێر هۆشداری دەدات

KNN : Kurdish News Network
04:16 - 08/04/2025
کوردستان
+
-

ئاسایشی هه‌ولێر رایدەگەیەنێت: مامه‌ڵه‌كردن به‌دراوی ئه‌لیكترۆنی و كانزایی كۆمپانیای فۆڕێكس و دراوه‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كان قه‌ده‌غه‌یه،‌ داواش له‌ هاوڵاتیان ده‌كات؛ بۆئه‌وه‌ی توشی زیانی ماددی نه‌بن، له‌وجۆره‌  مامه‌ڵانه‌ دوربكه‌ونه‌وه.

 

هەواڵ: (KNNC)


به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی ئابوری سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاسایشی هه‌ولێر بڵاویكردەوە؛ ئاگاداری هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات كە مامه‌ڵه‌كردن به‌هه‌مو جۆره‌كانی دراوی ئه‌لیكترۆنی و كانزایی  فۆڕێكس و (USDT) قه‌ده‌غه‌یه لەبەر ئەوەی كە كۆمپانیاكانی فۆڕێكس و دراوی ئه‌لیكترۆنی له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق رێگه‌پێدراو نین و مۆڵه‌تی فه‌رمیان نیه.


رونیكردەوەتەكە؛ به‌پێی بڕیار و رێنماییه‌كانی بانكی ناوه‌ندی عێراق و وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری هه‌رێمی كوردستان رێگه‌پێدراو نین و هیچ یاسا و رێنماییه‌ك نیه‌ بۆ رێكخستنی ئه‌م جۆره‌ چالاكیانه‌.


دەشڵێت: ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی له‌ژێر ناوی جیاجیا كاری فۆڕێكس و كردنه‌وه‌ی خولی فێربونی چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن و كڕینی دراوی ئه‌لیكترۆنی و كانزایی ئه‌نجامده‌ده‌ن، نایاسایین و رێگه‌پێدراو نین.


راشیگەیاندوە: دوای چه‌ندین سكاڵای هاوڵاتیان و زه‌ره‌رمه‌ندبونیان له‌رێگه‌ی ئه‌م كۆمپانیا و بڕۆكه‌رانه‌، ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ و داوا له‌ هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی توشی زیانی ماددی نه‌بن، لەوجۆره‌ مامه‌ڵانه‌ دوربكه‌ونه‌وه‌ و پاره‌كانیان به‌فیڕۆنه‌ده‌ن به‌ پڕوپاگه‌نده‌ و ریكلامی كۆمپانیا و بڕۆكه‌ره‌كان هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێن و خۆیان لێ به‌دوربگرن.


به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی ئابوری سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاسایشی هه‌ولێر ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، ئاگاداری گشت كۆمپانیا و بڕۆكه‌ره‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌رێگه‌ی سۆشیال میدیا ریكلام بۆ كاری فۆڕێكس و دراوه‌ كانزاییه‌كان نه‌كه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌ روبه‌ڕوی لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی ده‌بنه‌وه‌.

 

234 جار خوێندراوەتەوە