مەزڵوم عەبدی رایگەیاند، لەدوای رێکەوتنیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، تورکیا
مەرجە قورسەکانی لەسەر ئیدارەکەیان هەڵگرتوە.
هەواڵ:KNNC
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەپێگەی
ئەلمۆنیتۆری راگەیاندوە، تورکیا لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا دەستیکردوە بە بەکارهێنانی
زمانێکی میانڕەو، سەرنجیشمانداوە بیرۆکەی یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات و
دامەرزاوە ئیدارییەکانی لە دەوڵەتی سوریا قبوڵە.
وتیشی: کەشی کاتی رێککەوتنەکە لەگەڵ ئەحمەد شەرع دۆستانە و ئارام بوە و بەرێزەوە
پێشوازییان لێکراوە، ئەوەش راست نییە کە دەوترێت لایەنی ئەمەریکی دەستوەردانیان لە
رێکەوتنەکە کردبێت، بەڵکو تەنها رۆڵی ئاسانکارییان گێڕاوە بۆ گواستنەوەیان بۆ
دیمەشق.
عەبدی دەڵێت: "ئیدارەی
نوێ لەدیمەشق دژایەتی زمانی کوردی ناکات، بەڵام نەخراوەتە ناو دەستوری کاتیەوە و ئەمەش
نائومێدکەر بوو بۆمان".
فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات باسی لەوەشکردوە، چڕکردنەوەی
دەسەڵاتی ئیدارەی بە تەنها لە دیمەشق هێڵی سوری ئەوانە و دەیانەوێت ناسنامەی هێزەکانی
سوریای دیموکرات لەناو ریزەکانی سوپای نیشتیمانی سوریا بپارێزن کە خەریکە پێکیدەهێنن.
دەشڵێت: ئەحمەد شەرع داوای لێکردوین
دەستبەرداری کۆنتڕۆڵکردنی ناوچە زۆرینە عەرەبییەکان بین وەک دێرەزۆر و ڕەقە، بەڵام
ئەمە هێشتا ئەولەوییەتیان نیە، دۆخی ئەو ناوچانەش زیاتر تاوتوێ دەکەین.
258 جار خوێندراوەتەوە