پارتی و یەکێتی شینی ئەمجارەتان بۆ حسێنە یان بۆ هەریسەکەیە؟!!!

ئاشکرایە شەڕ و ململانێ ئەمجارەتان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار شەڕ نییە لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان، بەڵکو شەڕێکی بێ مانایە لەپێناوەی پۆست و ئیمتیازات و پارەدا ، هەڵبەتە لەئەگەر ڕێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتی  لەسەر یەک کاندیدکردنی بەهێز بۆ سەرۆک کۆمار ،  بەدڵنیایەوە زیانی گەورە و هەمەلایەنە بە ماڵی کوردی دەگەێنت و ئەوساش زیاتر مەترسی و گریمانەی  تۆخکردنی سنوری نێوان ( زەردو سەوز)  دەبێتە فاکت و کردار،  بەجۆرێکی وا ئەم ناکۆکییەکانە  سەر دەکێشت بۆ لێکترازنی ماڵی کورد و لێکەوتە و دەرهاویشتەی ئێجگار خراپ لەسەر ئایندە و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت .

گومانی تێدا نییە دواجار لەو نێوەندەشدا تەنها  خەڵکە ڕەش و ڕووتەکەی کوردستانە دەبێتە سوتەمەنی و باجە قورسەکەی ناکۆکیەکاتتان دەدات، هەمو لایەک دەزانین سەرۆک کۆمار بۆ پێکهاتەی کوردە کە پێشتر لەسەر بنەمای سازان دیاریکراوە، ئەگەر ئەو دوو هێزە یەک تۆز خاوەنی ئەخلاقی سیاسی و ڕووحی نیشتیمانپەروەری بن، بۆ دەبێت  پۆستی سەرۆک کۆمار وەک موڵکی تایبەت و  ئیمتیازاتی خێزانی دەسەڵاتگەری لێبڕوانن و مامەڵەی لەگەڵدا بکەن؟!

دەبینین ئەم دوو هێزە زۆر پەڕگیرانە لەکێشمەکێشی قوڵدان بۆ  وەرگرتنی پۆستێکی تەشریفاتی و ڕەمزی!!، لەکاتێکدا  ئەگەر قەولە سەرۆک کۆمار بەرکەوتەی کورد بێت،  دەکرێت لەسەر ئاستی هەمو هێز و لایەنەکانی هەرێمی کوردستان  کۆدەنگی گشتی لەسەر بێت،  نەک دەرئەنجامی هەڵبژاردنێکی شکستخواردوو بکەنە پێودانگ، کە بەشی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان بایکۆتی دەنگدانیان کرد،  لەو ڕوانگەیەوە گرنگە  کورد پێویستی بەدیاریکردنی کاندیدیکی بەهێز و شیاوە و بەچەێشنێک ڕای گشتی ناوخۆی کوردستان و  ڕەزامەندی دامەزراوە یاسایی و دەستوورییەکانی لەسەربێت.

بەڕای چاودێران و هەمولایەک دکتۆر (بەرهەم  ساڵح) خەسڵەتی دەوڵەتداری تێدایە و  لەپۆستی سەرۆک کۆماریدا  خاوەن ئەزمونە و تاڕادەیەک شیاوە بۆ سەرۆک کۆماری، هەڵبەتە ئەگەر لەخولی پێشوودا نەیتوانی بێت  وەک پێوست  لەئاست ئەرکەکانیدا بووبێت ، بێگۆمان بەهۆی ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی و  شێواوی ماڵی کورد و سەرکردایەتی سیاسی هەرێمەوە بووە.

لەڕاستیدا خەڵکی کوردستان هێندە هۆشیاری هەیە  ئەو ڕاستییە باش تێدەگات  پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە  ڕێککەوتن و هاوپەیمانییەتی لەگەڵ سەدردا کردوە؟  زۆرێنە واتە لەباربردنی  پڕنسیپی سازان و  حرمانی سیاسی هێزەکانی دەرەوەی زۆرینە؟

ڕوونە لەبنچینەدا سەدر دژە بە مافە دەستووری سیاسیەکانی کورد لەعێراقدا  و تەنانەت پێشمەرگە وەک ملیشا دەناسێنت وخۆشی ئامادە نییە چەکدارە ملیشاکانی هەڵوەشێنتەوە!!

 دیارە بەردەوام پارتی  سیاسەتی دووفاقی پەیڕەکردوە لەکاتێکدا  لەلایەک خۆی بەئاڵا هەڵگری وەسیقەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆی کوردستان دەزانێت و لەلایەکی ترەوە شەڕی پۆست دەکات لەگەڵ سەدری شیعەی عرووبەدا !!!  دەشزانین شەڕ لەسەر ئەوە ناکات  کەسێک  ببێته سەرۆک کۆمار تا  لەدیوانی سەرۆکایەتی کۆمارەوە پارێزەری ڕاستەقینەی دەستوور و سەروەری خاکی عێراق بێت و دەسەڵاتەکانیشی بەکار بهێنت بۆ پارێزگاری لە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان و ڕێگریکردن لە ستەم و غەدری سیاسی و ئابوورییەکانی.

بەداخەوە یەکێتی و پارتی بەگشتی و بەتایبەت هێزێکی وەک( پارتی)هێشتا نەیانتوانیوە نەزعەی شەڕی ناوخۆ  تێپەڕێنن و بەمێژووی ژیانی سیاسی شەڕیانە لەسەر پاوانخوازی و بەرژەوەندگەری  خێزانی و دەست بادان و شکاندنی ئیرادەی یەکدی!!

 ئێستاش  بەڕاشکاوی ئەو دەڵێنەوە (شینەکەتان بۆ حسێن نییە، بەڵکو  بۆ هەریسەکەیه)!!! ، واتا ئەم مململانی بێمانایە ئێوە پەیوەندی بەخواستی کوردەوە نییە، تەنها بۆ چاوچنۆکی و دەستکەوتی ماددی و ئیمتیازاتی زەبەلەحی خێزانی دەسەڵاتگەریتانە و هیچی تر.

437 جار خوێندراوەتەوە