سیاسەت و مەعریفەی دەسەڵات

سیاسەت و دەسەڵات دوانەیەکی پێکەوە دانەبڕاوی گرنگی ژیانی مرۆڤایەتین، گەر هەر دوو چەمکەکە بەیەکەوە  پێناسە بکەین، گرنگە بۆ ئەمەش بگەڕێینە بۆ خودی ناوەڕۆک و بچینەکانی ئەو دوو کایەیە و بزانین ئەرکی بنەڕەتی ئەو دووانەیە چییە و  چۆن  دەتوانرێت هەم سیاسەت و هەم دەسەڵات وەک دوو ئامڕازی ئەرێنی بیانخەینە خزمەتی پڕۆسەی دەوڵەتداری و نیشتیمانسازی و خواستی خەڵک و چاکسازی سیاسی و ئابووری و دیموکراتیزەکردنی دەسەڵات و کۆمەڵگەوە؟


حکومەتی هەرێم بەدرێژایی نزیک سێ دەیە، توشی قەیرانگەلی قوڵ و جۆراجۆری حکومڕانی بۆتەوە و نایتوانیووە دەرچە و دەروازەی چارەسەرەکان دیاریبکات،  ئەمە ئەگەر نا بەرپرسیارێتی و بێ مەعریفەی دەسەڵات نەبێت هیچ دیکە نییە، زۆر بەڕوونی دەردەکەوێت هەرێم لەڕووی سیاسەتی گشتییەوە ئێجگار کۆڵەوارە و لەتوانایدا نییە دەستبەرداری ئەو جۆرە لەحکومڕانی ناسەرکەوتو بێت و لانیکەم پێشنیارى خستنەڕووی مۆدێلێکی نوێی جیاوازتر بکات لەوەی کەئێستا هەیە؟


چۆن  بەپێی تیۆر و هزری ڕامیاری، سیاسەت و دەسەڵات عەقڵ و زانست و فەزیلەتگەرییە، بەو چەشنە کەمی مەعریفەی حکومڕانی دەبێتە هۆکارى  بەبنبەستگەیشتنی چارسەری دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری، بەشێوەیەک  کاریگەری زۆر نەرێنی لەسەر هەنگاوەکانی چاکسازی  دەبێت.


مەعریفە؛ "بریتیە لەکۆی  ئەو ئەزموون و شارەزایەی کە لە پڕۆسەی زانیندا و لەچوارچێوەی مێژووی مرۆڤایەتیدا بەرهەم هاتبێت".


لەبارەی چەمکی دەسەڵاتیشەوە ماکس ڤایبەر پێناسەی چەمکی دەسەڵات دەکات و دەڵێت: "دەسەڵات دەرفەتێکە لەلایەن تاکەکانەوە بەنوخبەی سیاسی دەبەخشرێت لەپێناو جێبەجێکردن وهێنانەدی خواستەکانی تاک و کۆمەڵگە".


کەواتە بەو پێودانگە؛ پەیوەندی تۆکمە لەنێوان سیاسەت و مەعریفە و دەسەڵاتدا هەیە، ئەمە جگە لەوەی زانیمان سیاسەت و دەسەڵات سەلیقە و زانست و هونەرە،  لەهەمانکاتدا  دوو کایەی قوڵ و ئاڵۆزی فرە رەهەند و هەستیارن، لەپاڵ ئەمەشدا دەسەڵاتی سیاسی پێویستی بە مەعریفەی فراوان هەیە.


کاتێک دەسەڵات دابڕاوبوو لە مەعریفە، بێشک حکومڕانێکی شکستخواردو و ستەمگەری و نابەرپرسیارمان دەستدەکەوێت، وەکو ئەو ئەزمونە دەسەڵاتدارێتییە ناجۆرەی هەرێمی کوردستانی تێکەوتوە.


لەئێستادا بەهۆی هەژاری لە مەعریفەی حکومڕانی و عەقڵیەتی چەقبەستووی و  نابەرپرسیاریەتیەوە، میللەت بێ ئومێد و بێ دەرەتانە و بێکارە و بەدەست قەیرانی دارایی و نادادیەکی بێ ماناوە گیریخواردوە، بەشێوەیەک کاریگەری مەترسی داڕوخان و نەمان  نەک تەنها لەسەر حکومەتی هەرێم دروستکردوە، بەڵکو کۆی قەوارەی هەرێم لە لێواری مەرگ نزیک بۆتەوە.


ئەوەى دۆخە نەخوازراوەکەش تێدەپەڕێنێت و هەرێم لە مەترسیەکانى ئێستا و داهاتوى دەرباز دەکات، سیاسەت و حکومڕانیەکى دروست و چاکسازی گشتگیر و ئیرادەیە، ئەگەرنا چاکسازی و بانگەشە بۆ حکومڕانییەکی باش لە یوتۆبیا زیاتر هیچی دیکە نابێت...

1174 جار خوێندراوەتەوە