گۆڕان بەفۆڕم و مۆدێلێکی سیاسی نوێی ریفۆرمخوازی جیاواز
خۆی مانفێست و فۆڕمەڵە کرد، لە هەناو و جەهەری
پێداویستی و خواستە بنەڕەتییەکانی میللەتەوە سەری هەڵدا، وەک هێزێکی خاوەن پرەنسیپی
نیشتیمانی و میللی و کۆمەڵایەتی نەگۆڕ هاتە مەیدان و بوێرانە و جەسورانە ڕووبەڕووی ئاڵنگارییە سەختەکانی
بەردەمی بۆتەوە.
گۆڕان لەماوەی تەمەنی (11) ساڵیدا لەبەردەم گەورەترین
ئاستەنگی قورسی رێکخراوەیی و ئەوپەڕی سیاسەتی
دڵڕەقانەی مۆنۆپۆڵکاری دەسەڵاتداران و دەوڵەتانی هەرێمیاتیدا بووە، هەرچی رێگای نادیموکراسیانە
و دوور لە پرەنسیپەکانى کارى سیاسى هەیە؛ چ لەکاتی ئۆپۆزسیۆنبوونیدا چ لەکاتی بەشداریکردنی
لە حکومەتدا بەرامبەر ئەم بزووتنەوەیە کراوە، بەجۆرێک تەنها هێزێکی وەک بزوتنەوەى
گۆڕان بەئیرادەی خۆی و پشتیوانی جەماوەرەکەی توانی لەبەردەم سیاسەتی نەفیکارانەی هێزە
نەیارەکانیدا بمێنێتەوە و بەردەوام و
خۆڕاگربێت.
بەو پێودانگە؛ هیچ گرووپ و حیزبێک نەیتوانیوە وەک پارادایمێکی
ئەکتیڤ و نوێ تر جێگرەوەی بێت و تەجاوزی ڕەسەناییەتی ئەم هێزە بکات.
بزووتنەوەی گۆڕان زادەی لەدایکبوونی پێویستی تێپەڕاندنی
قۆناغێکی مەنگ و واقعی تاڵی سەردەمی خۆی
بوو، گۆڕان لەسەربنچینەی هەڵگری خەمی گشتی
و چاکسازی ریشەیى و هەمەلایەن و گۆڕینی ستراکتۆری پێکهاتەی سیستەمی سیاسی و ئابووی
و دارایی و دەستەبەری دادپەروەری کۆمەڵایەتی و کارگێری و بەرێوەبردن دامەزرا.
بزوتنەوەى گۆڕان جیاواز لە هەندێک رێکخراو و تاقمی هەڵتۆقیوی
پۆپۆلیستی، دووربوو لە پاوانخوازى و مەرامی شەخسی و کەڵەکەکردنی سەرمایەی زیاتر بۆ
کەسی یەکەمی حیزب و کۆمپانیا؛ خەمی یەکەم و دوایینی گۆڕان تەنها ئامانجی گەیشتن نەبووە
بە دەسەڵات، بەڵکو نەخشەی دوور مەودای
بزووتنەوەکە بریتییە لە گەڕانەوەی بەها و مانای ڕاستەقینە بۆ دونیای سیاسەت و شکۆ
و کەرامەتی مرۆڤ و بەگژداچوانەوەی پاوانخوازی و گەندەڵی و جەختکردنەوەی چاکسازی
جددی لە تەواوی بوار و سێکتەرە جیاجیاکانی
حکومڕانی و دەسەڵاتدا.
سەرباری ڕەخنە و گازندەکان لە خودی بزووتنەوەکە، بەڵام گەر
کەمێک لە سۆنگەی لۆژیک و ویژدان و مۆڕاڵەوە ڕۆڵ و وێستگە
جیاجیانی هەنگاو و کاری سیاسی ئەم هێزە نیشتیمانیە شرۆڤە بکەین ، دەتوانین بێ دردۆنگی
و راڕایی بڵێین؛ سەرەڕایی دەیان کۆسپ و ئاستەنگی سیاسی و دارایی جۆراجۆر، دوور لە
هەر چەشنە بانگەشەیەکی دیماگۆگی و دروشمبازی و جوڵاندنی سۆز و ئاڕاستەکردنی سیاسەتی پۆپۆلیستانە، خاڵی بەهێزی بزووتنەوەکە ئەوەیە زۆر بەتوندی دەستی
بەپایە و پرەنسیپەکانییەوە گرتووە، بەردەوام جەخت و پێداگری لەجێبەجێکردنی چاکسازی
و یاسا سالاری و هاوڵاتیبوون و ئیرادەی گشتی کرۆتەوە.
گۆڕان لەم دۆخە
نوێیەی ئێستادا هەم لەسەر ئاستی پەرلەمانی هەرێم و ناوەند و هەم لەسەر ئاستی تیمە وەزارییەکەی لەکابینەی نۆى حکومەت، زۆر لە
خۆبوردووانە و لێبڕوانە لە هەوڵی جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەدان کە بزووتنەوەی گۆڕان
لەساتی لەدایکبوونیەوە تائەمڕۆکە بەخەڵکی کوردستانیداوە.
1297 جار خوێندراوەتەوە