هەڵوێستە و ڕوانینک لە ڕاپەرین

 هیچ  کوردێک نییە نکۆڵی لە گەورەیی و گرنگی ڕاپەرینی  ئازاری 1991 باشوری کوردستان بکات، ڕاپەرین ئەو ڕاستییە کەلەمێژووی ئێمەدا بە ڕووداو و دەستکەوتگەلێکی  ئێجگار مەزن  ئاژمێر دەکرێت، چونکە خەڵکی کوردستان لەپێش ڕاپەڕیندا  لەژێر دەسەڵات و دەوڵەتی دیپۆزتیزمی و دیکتاتۆری بەعسدا خاک و نیشتیمانی وێران و سوتماک دەکرا.

 

ڕهەندێکی تری سیاسەتی بەعس بریتییبو لە لەناوبردنی یەکجارەکی کورد لەزێد و نیشتیمانی خۆیان، بۆیە پێش ڕاپەرین خەلکی کوردستان هیچ چەشنە هیوایەکی بەداهاتوی خۆیان نەمابوو.

 

لەئەنجامی سیاسەتی ملهوڕی بەعس داگیرکردن و پەلاماردنی دەوڵەتی کوێت کۆمەڵگای نێوەدەڵەتی و هاوپەیمانان هێزەکانی عێراقیان لەکوێت دەرپەڕاند و هێز و دەسەڵاتی بەعسیان توشی شکست و هەڵوەشاندنەوە کرد، ئیدی بەعس لەڕووی هێزی سەربازییەوە زۆر لاواز بو، ئەمە وایکرد کە هەلومەرج و زەمینەی ڕاپەرین لەباشور و باکوری عێراقدا خۆشکرد لە مانگی ئازاری ساڵی1991دا خەڵکی کوردستان بەیەک دەنگ و یەک ئیرادەوە لەتەواوی شارو شارۆچکەکانی کوردستاندا بەرەو ڕووی دەسەڵاتی بەعس ڕاپەرین و  هیوا و گەشبینی بۆ خەڵک گەڕایەوە.

 

تائێرە سەرکەوتنی ڕاپەرین بۆ خەڵکی کوردستان مایەی خۆشحاڵییە و دەستکەوتێکی مەزنە ، کاتێک بەرەی کوردستانی بووە جێگرەوەی دەسەڵاتی بەعس بۆ بەرێوەبردنی هەرێمی کوردستان، هەر لەیەکەم چرکەساتی دەسەڵاتدارانی بەرەی کوردستانی دەستیانکرد بە تاڵانی و ئاودیوکردنی مومتەلەکاتی دەوڵەت ودزی ڕاو ڕوتیکردن و هەڵکوتانە سەر مۆڵکی گشتی.


هەروها. لەدوای هەڵبژاردنی یەکەم پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی حکومەت لەساڵی 1992،دوای دووساڵ لەهەڵبژاردن واتا ساڵی 1994 پارتی و یەکێتی لەسەر زیاتری وێرانکاری و دزینی داهاتی سنورەکان و فراوانخوازی دەسەڵات شەڕی ناوخۆیان هەڵگرساندو هەرێمی کوردستانیان بەسەردوو ناوچەی زەرد و سەوزدا دابەشکرد و هەزاران کوڕ و لاوی خێرلەخۆنەدی کوردستانیان بەکوشتدا، تائێستاش ئاسەواری دوو زۆنی سیاسی بونی هەیە، هەر زۆنێکش بۆتە پاشکۆ و ئامزاز دەوڵەتانی ناوچەکە. 


لەدوای ڕووخان و نەمانی دەسەڵاتەکەی بەعس لەساڵی 2003دا پارتی و یەکێتی لەسەر هەمان سیاسەتی تاڵانی و دەسەڵاتگەری و قۆرغکاری بەردەوام بوون، لەڕێگەی ڕێککەوتنی ستراتیژییە بەهاوبەشی پارتی و یەکێتی داهاتەکانی ژێروسەر زەوی و  ئاسمانی کوردستانیان وەک هاوبەشی تاڵانچی دابەشکرد، دوای پتر لەسێ دەیەیە و نۆ کابینەی حکومی کۆی سێکتەرەکانی حوکمڕانی بەتەنگەژە و قەیرانگەلی جۆراجۆر گیرۆدەیە، هیچ جۆرە ڕوئیا و پڕۆژیەکی نیشتیمانی بۆ باشکردنی دۆخی حوکمەتدار لە ئارادا نییە.

 

ڕیفراندۆمی ساڵی 2017  شکستێکی تر بوو لە پێگەی سیاسی و ئابوری دا سەری هەڵدا کە بووە لەدەستدانی سەدا (49) خاکی کوردستان، لەو ڕوانگەیەوە بەبیانوی شەڕی داعش و برینی بەشە بودجەی هەرێم لەدەوڵەتی ناوەندییەوە موچەی فەرمانبەران کردە ڕوبعە موچە و پاشەکەوتی موچەکانیان، ئێستا ئێمە کە لەساڵی 2025 داین کەچی دۆخ و گوزەرانی خەڵکی کوردستان لەئاستێکی زۆر خراپدایە پێدانی موچەی مانگانە وەک چیرۆکی هەبو ونەبوی لێهاتوە !!!.

 

 

دەپرسین ئایا خەڵکی کوردستان بە ئەنجام و بەرهەمی ڕاپەرین ڕازین؟ کاتێک سەیری پانۆڕامای قۆناغەکانی حوکمڕانی هەرێم دەکەین دەرئەنجامێکی زۆر نەخوازراو و بێزار و پڕ لەنیگەرانی خەڵک هەست پێدەکەین، بەشی زۆری ئەو هاوڵاتیانەی،   لەڕاپەرینەکە بەشدار بوون تائێستا پەنجەی پەشمانی دەگەزن، ئەوەی جێگەی پێکەنین و گاڵتەجاڕییە تاز سەرۆک پڕۆژەی یەک میلۆنی نان ڕادەگەیەنێت وەک ئەوەی ئێمە لەسۆماڵ بژین و نەک لەوڵاتی پڕ لەنەوت و دەوڵەمەندی بەسامانی سروشتی؟.

 کەواتە گەیشتوینە ئەو باوەڕەی کە ڕاپەرین بۆ سەرکردە و بنەماڵە و خێزا نە سیاسیەکان بۆتە خێر و بەرەکەت بۆ خەڵک و فەرمانبەران و کۆمەڵگەش بۆتە مایە هێنانی نەهامەتی  و ماڵوێرانی و هەژاری و دەردەسەری.

161 جار خوێندراوەتەوە