بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌

KNN : Kurdish News Network
11:04 - 20/03/2019
کوردستان
+
-

بزوتنەوەى گۆڕان بەبۆنەى جەژنى نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی و یادە نەتەوەییەکانی مانگی ئازار و ساڵیادى رزگارکردنى شارى کەرکوکەوە پەیامێک بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت؛ ئومێدەوارین ئەم بۆنەیە ببێتە مایەی خێرو خۆشی و بەرقەراربونی ئاشتی و کۆتایی پێهێنانی کێشە و گرفتەکان و هاندەرمان بێت بۆ خزمەتکردنی زیاتری شائامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان و بەهێزکردنەوەی رایەڵەی خۆشەویستی و دڵسۆزی بۆ خاک و خەڵک و نیشتمان.

 

دەقى پەیامەکە:
بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی و یادە نەتەوەییەکانی مانگی ئازار و وەرزی بەهارەوە، پیرۆزباییەکی گەرم ئاڕاستەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و، رەوەندی کوردی و، کوردانی باکور و رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ناوچەکە دەکەین.

ئەم بۆنەیە هاوکاتی ساڵرۆژی رزگارکردنی کەرکوک و ئازادکردنی بەشێکی گرنگی خاکی کوردستانە کە ئومێدەوارین ببێتە مایەی خێرو خۆشی و بەرقەراربونی ئاشتی و کۆتایی پێهێنانی کێشە و گرفتەکان، هەروەها هاندەرمان بێت بۆ خزمەتکردنی زیاتری شائامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان و، بەهێزکردنەوەی رایەڵەی خۆشەویستی و دڵسۆزی بۆ خاک و خەڵک و نیشتمان.

لەکاتێکدا، هیوای نەورۆزێكی پڕ لە ئومێد و جۆش و خرۆش بۆ هەموان دەخوازین، ئاواتەخوازین هەرێم و عێراق و ناوچەکە لە سەقامگیری و ئارامیدا بن و، پەلەش بکرێت لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم بە ئامانجی خزمەتکردنی زیاتر و باشترکردنی گوزەرانی خەڵک و ئەنجامدانی چاکسازی ریشەیی و بەدامەزراویکردنی حکومەت و پتەوکردنی بنەماکانی حکومڕانی دیموکراس.

بزوتنەوەی گۆڕان
20ی ئازاری 2019

1201 جار خوێندراوەتەوە