ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: راپۆرتێکی وردیان لەبارەی دۆخی بەنداوی دەربەندیخان و دوکان داوە بە وەزیری سەرچاوەئاوییەکان و داواشیان کردوە بودجەی پێویست بۆ نۆژەنکردنەوەی هەردو بەنداوەکە تەرخان بکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە د. بەهار مەحمود، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە سبهی راگەیاند؛ لە هۆڵی دەستوریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبونی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و هەردو وەزیرانی سەرچاوە ئاوییەکان و کشتوکاڵ، لەگەڵ نوێنەری ئەمینداری ئەنجومەنی وەزیران، باسیان لە زەرەروزیانەکانی ئەو باران بارین و لافاوانە کرد کە لەماوەی رابردودا ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتبوەوە.
وتیشی: لە کۆبونەوەکەدا راپۆرتێکی وردمان لەبارەی دۆخی هەردو بەنداوی دوکان و دەربەندیخانەوە پێشکەش کردو داوامان لە وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان کرد کە سەردانی هەردو بەنداوەکە بکات و جگە لەوەش بودجەیەکی پێویست بۆ نۆژەنکردنەوەی هەردو بەنداوەکە تەرخان بکرێت و جگە لەوەش دەرماڵەی مەترسی بۆ کارمەند و فەرمانبەرانی بەنداوەکە خەرج بکرێت.
بەهار مەحمود رونیشیکردوە، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان بەڵێنی دا کە کاری پێویست بۆ هەردو بەنداوەکە ئەنجام بدەن و جگە لەوەش قەرەبوی زیانلێکەوتوانی لافاوی پارێزگاکانی هەرێم دەکرێتەوە هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
2012 جار خوێندراوەتەوە