جەلال جەوهەر ئەندامی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان رایگەیاند؛ بزوتنەوەی گۆڕان بەهەمو توانایەكیەوە پشتوانیی لە پڕۆژە یاسای چاكسازی دەكات و بەبەرنامەی خۆمان دەزانین، بەڵام ناشمانەوێت لە سوربون و دڵسۆزیی لایەنەكانی تر بۆ چاكسازی كەم بكەینەوە.
ئهنجومهنی وهزیران سهرقاڵی ئامادهكردنی پرۆژهی چاكسازییه و دهینێرێته پهرلهمانی كوردستان، بهمهبهستی ئهنجامدانی گۆڕانكاری و چاكسازی لهچهندین سێكتهردا له جومگه ههستیارهكانی حكومهت و ئیدارهداندا، ئهوهش بهشێكی گرنگی رێكهوتنی نێوان بزوتنهوهی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان و رهزامهندی لایهنهكانی دیكهی ههرێمه بۆ ئهنجامدانی چاكسازیكردنی ریشهیی.
لەكۆبونەوەیەكدا لەگەڵ هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازانی سنوری چەمچەماڵ، جەلال جەوهەر رایگەیاند: ئەوەی كە زۆر مەبەستمانە تەئكیدی لێ بكەینەوە پرسی چاكسازییە، هەر لە سەرەتاوە پێمانوابوە كە دەچینە ناو حكومەتەوە بەمەبەستی چاكسازی دەچین، تەنانەت لە رێككەوتنیشتماندا لەگەڵ پارتی، لە دو خاڵی گرنگدا جەختمان لەوە كردوەتەوە كە چاكسازییەكی گشتگیرمان دەوێ نەك چاكسازییەك لە جومگەیەكی دیاریكراودا، بێگومان بزوتنەوەی گۆڕان پشتیوانی لە پڕۆژەیاسای چاكسازی دەكات و بەبەرنامەی خۆمانی دەزانین، ناشمانەوێت لە هەوڵ و دڵسۆزیی لایەنی تریش كەمكەینەوە كە بۆ چاكسازی هەیانبێت.
وتیشی: دو خاڵ لای ئێمە زۆر گرنگە كە پێویستە بەجددی كاری لەسەر بكەین ئەویش سەقافەتی چاکسازی و سەقافەتی خەبات مەدەنیە، چونكە لەماوەی رابردودا نەمانتوانیوە ئەو چەمکە بکەین بە كلتور و رۆشنبیریی گۆڕانخوازان. خاڵی یەكەم ئەوەیە كە وەكو پێویست نەمانتوانیوە پرسی چاكسازی بكەینە رۆشنبیرییەكی گشتی هەم بۆ سەرجەم هەڵسوڕاوان و كادرانی گۆڕان، هەم بۆ میللەتەكەمان. پێویستە كلتوری چاكسازی بكەین بە جۆرێك لە رۆشنبیری بۆ ئەوەی لانی كەم جیاوازی دەربكەوێت لەنێوان ئێمە وەك هێزێكی چاكسازیخواز لەگەڵ هێزەكانیتر.
وتیشی: خاڵێكی تر كە نەمانتوانیوە بیكەیەنە كلتور و رۆشنبیری ھەڵسوراوان ومیللەتەکەمان بریتییە لە خەباتی مەدەنی وناساندنی شێوازەکانی خەباتی مەدەنی وەک خەباتی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان.
سەبارەت بە پرسی رۆژئاوا جەلال جەوهە وتی: بزوتنەوەی گۆڕان پرسی رۆژئاوا بە پرسێكی نیشتمانی و نەتەوەیی و مرۆیی دەزانێت. ئەزمونی رۆژئاوا پیلانی زۆری لەسەربو، سەرەڕای ئەو هەمو هێرش و پەلامارانەی روبەڕوی ئەو ئەزمونە بوەوە، بەڵام توانییان بەردەوام و خۆڕاگر بون. ئەوەی جێگەی داخە، هەڕەشەكانی سەر ئەو ئەزمونە كۆتاییان نەهاتوە، لەئێستادا بەهۆی بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا، رێگە خۆش بوە بۆ توركیا كە پەلاماری ناوچەكانی رۆژئاوا بدات و كار بكەن بۆ ئەوەی دیمۆگرافیای ناوچەكە بگۆڕن، ئەبێ پەندێك لەمە وەربگرین ئەویش ئەوەیە كە پێویستە پشتبەستنی سەرەكیمان بەخۆمان و میللەتەكەمان بێت نەك بە هێز و لایەنی دیكە، پێویستە چارەنوسمان تەسلیمی هێز و لایەنی تر نەكەین.
965 جار خوێندراوەتەوە