مه‌زڵوم كۆبانی: سەرەڕای نەبوونی متمانە بەڵام داوای دانوستان ده‌كه‌ین

KNN : Kurdish News Network
08:34 - 02/11/2019
کوردستان
+
-

فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات، له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا ئاشكرایكرد؛ پێویسته‌ رێڕه‌وی "چاره‌سه‌ری سیاسی" بگرینه‌به‌ر، سه‌ره‌ڕای "نه‌بونی متمانه‌ی ته‌واو" به‌ روسیا و رژێمی سوریا.

مه‌زڵوم كۆبانی، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات-هه‌سه‌ده‌، له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی (لاریپۆبلیكا)ی ئیتاڵی، وتی؛ "هیچ متمانه‌یه‌كمان به‌هیچ لایه‌ك نییه‌، به‌ڵام ناكرێت چاره‌سه‌ری كێشه‌ی سوریا بكرێت به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ په‌یڕه‌وكردنی چاره‌سه‌ری سیاسی و ئه‌نجامدانی دانوستان".

هه‌روه‌ها ئاژانسی فرانسپرێس لێدوانێكیان له‌ مه‌زلوم كۆبانی وه‌رگرتوه‌ و تیایدا ده‌ڵێت؛ "چاره‌سه‌ری سیاسی به‌دی نایه‌ت هه‌تا له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ چاودێری نه‌كرێت، به‌تایبه‌تی ئه‌وروپا".

ئه‌وه‌شی ئاشكراكردووه‌ كه‌ له‌ئێستادا گفتوگۆكان له‌ڕێگای روسیای هاوپه‌یمانی رژێمی سوریاوه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ و وتی؛ "ناچینه‌ هیچ رێكه‌وتنێكه‌وه ئه‌گه‌ر پارێزگاریكردن له‌ گه‌له‌كه‌مان و ئازادی سیاسی و ئیداری و كلتوریی ده‌سته‌به‌ر نه‌كات".

ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو؛ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا هه‌ندێك به‌ڵێنی پشتیوانی پێداوین، به‌ڵام زۆر به‌خاوی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ ره‌نگ ده‌داته‌وه‌.

 

له‌باره‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا به‌رله‌وه‌ی توركیا هێرشه‌كانی ده‌ستپێبكات، مه‌زڵوم كۆبانێ وتی؛ "ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌مریكا، هه‌ڵكردنی گڵۆپی سه‌وزبوو بۆ هێرشی توركیا بۆسه‌ر پێگه‌كانمان، ئه‌مریكا ئاسمانیشیان به‌ڕویاندا كرده‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی هێرشمان بكه‌نه‌سه‌ر".

له‌باره‌ی كوشتنی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی، سه‌رۆكی رێكخراوی داعش، رایگه‌شاند؛ هه‌سه‌ده‌ هاوكاری زۆر گرنگی پێشكه‌شكرد بۆ شوێنپێ هه‌ڵگرتنی به‌غدادی و وتی؛ "ده‌زگای هه‌واڵگریی سه‌ربازی هه‌سه‌ده‌، سه‌ركه‌وتووبوو له‌ ده‌ستگه‌یشتن به‌ نزیكترین كه‌سی هاوكاری به‌غدادی و ووردترین داتا و زانیاریی له‌باره‌ی جموجوڵ و شوێنی خۆشاردنه‌وه‌كه‌ی پێشكه‌شكردین".

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌ خواستی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، بۆ ده‌ستگیركردنی مه‌زڵوم كۆبانی و ده‌ركردنی فه‌رمانێكی تایبه‌ت له‌و باره‌یه‌وه‌، كۆبانی وتی؛ "هیچ شتێكی دیكه‌ له‌ كه‌سێك چاوه‌ڕێ ناكرێت كه‌ خواسته‌ نهێنییه‌كانی بۆ هه‌موو جیهان ئاشكرایه‌، ئه‌ویش سه‌ربڕینی گه‌له‌كه‌مانه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ش ده‌كات كه‌ هاوكاری ناكه‌ن له‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌یدا".

5884 جار خوێندراوەتەوە