رێکخەرى
ژورى پەیوەندییە سیاسیەکانى بزوتنەوەى گۆڕان
رایدەگەیەنێت، گۆڕان لەسەر بنەماى کارى هاوبەش پەیوەندى لەگەڵ لایەنە سیاسیەکاندا
بونیات دەنێت، ئاماژە بەوەش دەکات؛ ئەو پەیوەندیە حیزبیانەى لە دەرەوەى سنورى
هەرێم هەیە، پێویستە لەرێگەى دامەزراوە فەرمیەکانى حکومەتەوە رێکبخرێت.
بەختیار
عومەر ئەولێ، رێکخەرى ژورى پەیوەندییە سیاسیەکانى بزوتنەوەى گۆڕان بە دیجیتاڵ
میدیاى (KNN)ى راگەیاند، پەیوەندیەکانى بزوتنەوەى گۆڕان لەچوارچێوەى سیاسەتى
گشتی بزوتنەوەکەدایە و لەسەر بنەماى ئەو بەرنامە گشتیەى گۆڕان هەیەتى، هەوڵدەدەن
پەیوەندیەکان رێکبخەنەوە و چالاکیان بکەین.
وتیشى:
"پەیوەندیە سیاسیەکان روکارى بزوتنەوە و رێکخراوەکانە لەنێو کۆمەڵگاى سیاسدا،
ئەگەر هەر حزب و رێکخراوێک لە روى پەیوەندیەکانەوە لاوازبوو، لە ناوەندى سیاسیدا
دوورە پەرێز دەبێت، لە رێگەى پەیوەندیەکانەوە هێزە سیاسیەکان دەتوانن هاوکارى و
هەماهەنگى بکەن بۆ سەرخستنى ئەو پرۆسانەى کە کۆمەڵگەى سیاسى پێویستى پێییەتى".
بەختیار
عومەر ئەولێ، ئەوەى خستەڕوو؛ کە بزوتنەوەى گۆڕان لەسەر بنەماى کارى هاوبەش
پەیوەندى لەگەڵ لایەنە سیاسیەکاندا بونیات دەنێت و ئەو لایەنانەى بەرنامەکانیان لەگەڵ کارى سیاسی و ئامانجى بزوتنەوەکەدا
یەکدەگرێتەوە، گۆڕان پەیوەندیان لەگەڵ دادەڕێژێت.
لەبارەى
ئەو پەیوەندیانەى لەسەر ئاستى حزب لە دەرەوەى هەرێمى کوردستان بوونیان هەیە،
رێکخەرى ژورى پەیوەندییە سیاسیەکانى گۆڕان دەڵێت: "نوسینگەى تایبەتمان لە هیچ
وڵاتێکى دەرەوە ناکەینەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێمان باشە ئەو پەیوەندیە حیزبیانەى لە
دەرەوەى سنورى هەرێم هەیە، لەرێگەى دامەزراوە فەرمیەکانى حکومەتەوە بێت و لەژێر
رۆشنایى دەستور و یاسایادا رێکبخرێن".
ئاماژەى
بەوە کرد؛ تائێستا پەیوەندیەکانى کورد لەگەڵ دەرەوە، لەڕێگەى حزب و کەسەوە بوە و لەڕێگەى
دامەزراوە فەرمیەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە نەبووە، ئەمەش هۆکارى بەهێز
نەبوونى پەیوەندیەکان بووە، کە تەنها لەچوارچێوەى بەرژەوەندى حیزبەکاندا بوون و
لەخزمەتى گشتیدا نەبوون.
لەبارەى
هەنگاوەکانى داهاتووى ژورى پەیوەندیە سیاسیەکان و پلانەکانیان، بەختیار عومەر
رایگەیاند، هەوڵدەدەن پەیوەندیەکانى بزوتنەوەى گۆڕان لەسەر
بنەماى بەرنامە و پڕۆژەیەکى گشتى، وەک دامەزراوەیەک کارەکانى خۆى بکات.
1056 جار خوێندراوەتەوە