بزوتنەوەى گۆڕان پڕۆژەیەک بۆ جێگرەوەى هەناردەى نەوتى هەرێم پێشکەش دەکات

KNN : Kurdish News Network
10:32 - 22/04/2020
کوردستان
+
-

بزوتنەوەى گۆڕان پڕۆژەیەک پێشکەش بە حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکات، کە تایبەتە بە جێگره‌وه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم، بەپێى پڕۆژەکە نه‌وتی ناوخۆی هه‌رێم بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستی ناوخۆ به‌كاربهێنرێت، به‌وه‌ش نرخی به‌نزین داده‌به‌زێت، ئه‌و نه‌وته‌شی ده‌مێنێته‌وه‌ له‌رێگه‌ی كۆمپانیای سۆمۆوه‌ هه‌نارده‌ بكرێت.

پڕۆژەکەى بزوتنەوەى گۆڕان بەجۆرێکە، کە بەشێك لە نەوت بۆ ناوخۆ تەرخان ده‌كرێت و لە ڕێگەی پاڵاوگەكانەوە ده‌كرێتە (بەنزین، نەوتی سپی، گازوایل و پێداویستییەكانی بازاڕ)ی پێ دابین بكرێت.

بەمەش هه‌رێمی كوردستان ناچار نابێت به‌ پاره‌یه‌كی زۆر به‌نزین هاورده‌ بكات له‌ وڵاتانه‌وه‌، ئەوکات نرخی به‌نزین و نه‌وتی سپی و گازوایل هه‌رزانتر ده‌بێت بۆ هاوڵاتیان.

ماڵپەڕى (پەیسەر پرێس) بڵاویکردۆتەوە، له‌ ئه‌گه‌ری جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كەدا‌ له‌ هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت (40) دۆلار ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت و بە جێبەجێ کردنى پڕۆژەکەش، پارەی هەرێم بۆ کڕینی سوتەمەنی ناچێتە دەرەوە و لەناوخۆدا دەمێنێتەوە، جگە لەوەش هەلی کار لە ناوخۆدا بۆ ژمارەیەکی باش لە خەڵکی دەڕەخسێت.

هەرێمی كوردستان لەدۆخی ئاساییدا رۆژانە پێویستیی بە نزیكەی حەوت ملیۆن لیتر بەنزین هەیە و ئەو بڕەش ساڵانە زیاد دەكات، ئەوەش لەكاتێكدایە ئێستا هەرێمی كوردستان بۆ بەنزین و نەوتی سپی پشت بە هاوردەكردنی دەبەستێت لە توركیا و ئێران و وڵاتانی ترەوە.


6627 جار خوێندراوەتەوە