دەزگایەکى خێرخوازى دەرمانە روسیەکە بۆ چارەسەرى کۆرۆنا دێنێتە هەرێم

KNN : Kurdish News Network
05:17 - 20/06/2020
تەندروستی
+
-

دەزگای خێرخوازی کەریمی ئەلەکە، لە هەوڵی بەدەستهێنانی ئەو دەرمانە روسییەدایە بۆ هەرێمى کوردستان، کە ئێستا لە جیهاندا وەک چارەسەرى کۆرۆنا دیاریکراوە، دەرمانەکەش لە پڕۆژەیەکى خێرخوازى دەزگاکەدایە و خۆبەخشانە دەبەخشرێتە توشبوانى کۆرۆنا.

بەختیار سەعید بەڕێوەبەرى دەزگاى خێرخوازى کەریمى ئەلەکە بۆ دیجیتاڵ میدیاى (KNN) وتى: وەک دەستپێشخەریەک دەزگاکەمان هەوڵى هێنانى دەرمانەکەیداوە بۆ هەرێمى کوردستان، بە مەبەستى دابەشکردنى بەسەر توشبوانى کۆرۆنادا.

راشیگەیاند،  لەئێستادا پلانى دەزگاى خێرخوازى کەریمى ئەلەکە؛ هێنانى دەرمانەکەیە بۆ هەرێم و دابەشکردنیەتى بەسەر توشبوانى کۆرۆنا، لە رێگەى ئەو نەخۆشخانانەى تایبەتن بە چارەسەرى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان.

بە ختیار سەعید ئەوەشى خستەڕوو، بە ئاگادارى وەزارەتى تەندروستى، دەزگاى خێرخوازى کەریمى ئەلەکە گفتوگۆى لەگەڵ لایەنى روسى کردوە و هەردوو وەزارەتى تەندروستى عێراق و هەرێم رەزامەندن لەسەر بەکارهێنانى دەرمانەکە و دەزگاکەش لەو رووەوە ئامادەیى خۆى بۆ هێنانى دەرمانەکە نیشانداوە. 

لەبارەى بیرۆکەى هێنانى دەرمانەکە بۆ هەرێمى کوردستان، بەڕێوەبەرى دەزگاى خێرخوازى کەریمى ئەلەکە راشیگەیاند، دەزگاکەیان بەباشى زانیوە لەگەڵ ئەو رێژە دەرمانەى دێتە هەرێمى کوردستانەوە، بە مەبەستى زیادبوونى رێژەکەى و بۆ ئەوەى زۆرترین توشبوو سوودى لێببینن، دەزگاکەیان رێژەیەکى جیاواز لە دەرمانەکە دێنێتە هەرێم و دەیبەخشێتە سەرجەم نەخۆشخانەکان.

ئاشکراشى کرد، هەوڵدەدەن لە ماوەى کەمتر لە دوو هەفتەى داهاتودا دەرمانەکە بگاتە هەرێمى کوردستان، کە لە رێگەى د.تەها رەسول خاوەنى دەزگاى خێرخوازى کەریمى ئەلەکەوە خەرجیەکەى گیراوەتە ئەستۆ.

دەزگاى خێرخوازى کەریمى ئەلەکە، لە سەرەتاى بڵاوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆناوە، چەندین کارى خێرخوازى کردوە، کە بریتین لە بەخشینى خۆراک بە پێنج هەزار خێزان و دابەشکردنى ماسک و دەستکێش و هاوکارى ماددى بۆ ئەو نەخۆشخانانەى تایبەت بە چارەسەرى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان دروستکراون.

هێنانى ئەو دەرمانە لە کاتێکدایە، کە پێشتر بەرپرسانی تەندروستی روسیا ئاشکرایان کرد، دەرمانێکی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنایان بەناوی (Avifavir) بۆ چارەسەری توشبووان بەکارهێناوە.

تائێستا توشبوانى کۆرۆنا لە جیهاندا گەیشتوەتە هەشت ملیۆن و (800) هەزار کەس و لەو ژمارەیەش زیاتر لە چوار ملیۆن و (500) هەزار توشبوو چاکبونەتەوە و (460000) چوارسەد و شەست هەزار توشبوى ڤایرۆسەکەش گیانیان لە دەستداوە.

5250 جار خوێندراوەتەوە