ساڵرۆژی رزگارکردنی کۆبانێ-یە

KNN : Kurdish News Network
09:28 - 26/01/2024
ڕاپۆرت
+
-

ئەمڕۆ هەینی نۆ ساڵ تێپەڕی بەسەر تێكشكاندنی تیرۆرستانی داعش و سەركەوتنی بەرخۆدانی شەڕڤانان‌ و پێشمەرگە لە شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان.

ڕاپۆرت:KNNC

نۆ ساڵ لەمەوبەر لەدوای خەبات‌و بەرخۆدانی شەڕڤانان‌و پێشمەرگە، كە بە یەكێك لە دیارترین هێماكانی خەبات‌و ئازایەتی گەلی كورد دژ بە تیرۆریستان دادەنرێت، توانرا شاری کۆبانێ لە دەستی تیرۆریستانی داعش پاکبکرێتەوە.

تیرۆریستانی "داعش" لە رۆژی 15ی ئەیلولی 2014دا هێرشیان كردەسەر كۆبانێ‌و شەڕڤانانی (یەپەگە)‌و (یەپەژە) بە بەرخۆدانێكی بێ وێنە‌و لەپێناو پاراستنی شارەكە، بەرەنگاری ئەو تیرۆریستانە بونەوە‌و پاشان بە بڕیارێكی پەرلەمانی كوردستان، هێزێكی پێشمەرگەی كوردستان بۆ هاوكاری شەڕڤانان‌و گەلی كورد لە رۆژئاوا، بە چەكی قورس‌و سوكەوە چونە كۆبانی.


دوای چەند مانگێك لە شەڕو قوربانیدان، لە رۆژی 26ی كانونی دوەمی 2015 تەواوی شارەكە لەدەست تیرۆریستانی "داعش" رزگاركرا.

بەپێی ئەو ئامارانەی بەرپرسانی كۆبانی ئاماژەیان پێكردوە، شەڕی ئازادكردنی شارەكە (134) رۆژی خایاندوە‌و لەو شەڕەدا زیانێكی زۆر بە ژێرخانی شارەكە كەوتوە‌و كۆڵان‌و خوێندنگە‌و نەخۆشخانە‌و زۆرینەی دەزگا‌و دامەزراوەكانی وێران بون.

كۆبانی لە شەڕی داعشدا:
* 80%ی شارەكە وێران بو.
* هێڵی ئاو و كارەبای شارەكە بە تەواوی پەكی كەوت. 
* 40%ی رێگاوبان‌و شەقامەكانی تێكچون.
* (541) گوندی سەر بە كۆبانی وێران‌و تاڵان كران.
* (3 هەزار) ئاژەڵی گەورە‌و زیاتر لە (100 هەزار) سەر ئاژەڵی بچوك دزران.
* زیاتر لە (3 هەزار) تراكتۆر‌و ئامێری چاندن‌و دروێنەی دانەوێڵە لەلایەن "داعش"ەوە دزران.
* (200 هەزار) هاوڵاتی ئاوارەی توركیا بون.


هەرچەندە ئێستا 9 ساڵ بەسەر رزگاركردنی كۆبانی تێپەڕیوە، بەڵام ئەو گەمارۆ ئابوری‌و سیاسییەی لەسەر رۆژئاوای كوردستان دروستكراوە، بوەتە رێگر لەبەردەم ئاوەدانكردنەوەی تەواوەتی شارەكە‌و جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری پێویست.


ئازادكردنی بەنداوی تشرین، هاوكارێكی باش بوە بۆ دابینكردنی ئاو ‌و كارەبا بۆ شارەكە‌و ناوچەكەو توانراوە ئەو خزمەتگوزارییانە تا ئاستێكی باش پێشكەش بە هاوڵاتیان بكرێت.


دوای ئەوەی کۆبانێ لە دەستی داعش ڕزگارکرا، شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە بەرەو گرێ سپی بەڕێکەوتن و لە 15ی حوزەیرانی 2015 توانیان گەمارۆی سێ ساڵەی داعش و بەرەی نوسرە، لەسەر هەرێمەکە بەتەواوی کۆتایی پێبهێنن و دوابەدوای ئەم سەرکەوتنەش، لە 10ی تشرینی یەکەمی 2015دا، لە کانتۆنی جەزیرە دامەزرانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (قەسەدە) لەلایەن شەرڤانانەوە ڕاگەیەندرا.


ئەمڕۆش کە 9 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر ئازادکردنى کۆبانێ، رۆژئاوای کوردستان لەژێر داگیرکاریی و بەردەوامیی هێرشەکانی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتەیە و بەردەوامە شوێنە خزمەتگوزارییەکان و ژێرخانی ئابووری هەرێمەکە دەکەنە ئامانج.

333 جار خوێندراوەتەوە