لە
ئێستادا پرسی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بوەتە بابەتێکی جددی حکومەتی عێراق،
ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراقدەڵێت: ئەرکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە
داعش لە عێراق لەڕوی سەربازییەوە کۆتایی پێ دێت و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق ئەو ئەرکە
دەگرنە ئەستۆ، راشیگەیاند؛ عێراق دەیەوێت پەیوەندییەکی لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە یەکتر
و بەرژەوەندی ھاوبەش لەگەڵ ئەمریکادا ھەبێت.
ڕاپۆرت:KNNC
لە
چەند ڕۆژی ڕابردودا لە ئاکامی زنجیرەیەک ھێرشی ئاسمانی ھێزەکانی ئەمریکا بۆسەر گروپە
چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە چەند ناوچەیەکی عێراق، ژمارەیەک چەکدار کوژران و برینداربون،
ئەوەش وایکرد کە حکومەتی عێراق بڕیاری کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە
داعش لە عێراق بدات.
لە
ئێستادا بڕیاری حکومەتی عێراق لەبارەی کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی
دژبە داعش لە عێراق بوەتە ڕۆژەڤی گەرمی ڕای گشتی، سەرجەم لایەنە سیاسییەکانیش پاڵپشتی
لێ دەکەن.
لەچوارچێوەی
بڕیارەکەی حکومەتی عێراق بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لەنێوان
هەردو لیژنەی باڵای سەربازیی عێراق و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجامدرا.
بەڵام
بەر لەوەی کۆبونەوەکە ئەنجام بدرێت، ڕۆژی 24ی کانونی دوەم باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق،
ئالینا ڕۆمانۆسکی نامەیەکی گرنگی ڕادەستی وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن کرد کە
تایبەتە بو بە کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش بەڕابەرایەتی ئەمریکا
لە عێراق.
زیاتر
لە شەش ھەزار سەرباز و ڕاوێژکاری سەربازیی بیانی لە عێراق و ھەرێم جێگیرکراون
ڕۆژی
10ی ئەیلولی 2014دا، ئەمریکا بڕیاریدا بە پێکھێنانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە
داعش بۆ ڕوبەڕوبونەوە و لەناوبردنی تیرۆريستانی داعش لە عێراق و سوریا.
دوای
ئەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ھاوینی 2014دا دەستی بەسەر زۆربەی ناوچەکانی عیراقدا
گرت، وڵاتانی ئەندام لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لەسەر داوای حکومەتی عێراق،
ھێزی سەربازییان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڕێکخراوەکە ڕەوانەی عێراق کرد.
لە
ساڵی 2014دا، ھێزەکانی ئەمریکا وەک پێکھێنەری ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش دەستپێشخەربون
لە وەشاندنی گورزی سەربازیی لە تیرۆرستانی داعش بە ھێزی سەربازیی شەڕکەڕ، بە فڕۆکەی
جەنگی، هاوکات بە ھاوکاری لۆجستی، چەک و تەقەمەنی و ھاوکاری مرۆیش بۆ ھاوڵاتییانی
عێراق و ھەرێم لە شەڕەکەدا بەشداربون.
سەرەتا
ئەمریکا پێنج ھەزار سەربازی لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەڵەتی دژبە داعش ڕەوانەی عێراق
كرد، بەڵام دواتر بە بڕیارێکی سەرۆکی پێشوی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ژمارەی سەربازانی
ئەمریکا لە عێراق کەمکرایەوە بۆ دو ھەزار و 500 سەرباز.
بەپێی
داتاکان لە ئێستادا، زیاتر لە شەش ھەزار سەربازی بیانی لە چوارچێوەی ناتۆ و ھاوپەیمانی
نێودەوڵەتی دژبە داعش لە بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، بنکەی ڤیکتۆریا لە
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و بنکەی سەربازیی ھەریر
سەربە پارێزگای ھەولێر جێگرکراون.
لە
سەرەتای ساڵی 2020دا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری دەرکردنی ھێزە بیانییەکانی
دا، بەڵام ھێشتا ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکراوە.
لە
7ی نیسانی 2021 بەغدا و واشنتۆن، ڕایانگەیاند کە ڕێککەوتون لەسەر گۆڕینی ئەرک و ڕۆڵی
ھێزەکانی ئەمریکا و ھاپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بۆ ئەرکی ڕاوێژ و مەشق و ڕاھێنان
و، ئەمەش دوای کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکان، بەپێی خشتەیەک هەردولا لەسەری ڕێککدەکەون.
کشانەوەی
ھێزەکانی ئەمریکا پرسی سەرەکی حکومەتی عێراقە
لەمبارەیەوە
ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ھیشام ڕوکابی دوپاتی کردوە کە کە حکومەتی
وڵاتەکەی جددییە لەوەی لەچوارچێوەی کارنامەی حکومەتەکەیدا کۆتایی بە ئەرکی ھێزەکانی
ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق بھێنێت.
ڕاوێژکاری
ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی ئەوەی کە ئایا حکومەتی وڵاتەکەی لە کۆتاییھێنان
بە ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق جددییە، ئاماژەی بەوەدا
کە سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان، محەمەد شیاع سودانی پابەندبونی
خۆی بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتەکەی دوپاتکردوەتەوە، لەنێویاندا پرسی کشانەوەی
ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش گوتی: "ڕۆژی 27ی کانونی دوەمی ئەمساڵ،
یەکەم کۆبونەوەی لیژنەی باڵای ھابەشی سەربازی نێوان عێراق و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی
دژبە داعش بەسەرکەوتویی ئەنجامدرا کە لە میانیدا سێ تیمی ھاوبەش لەنێوان ھەردولادا
پێکھێنرا".
باسی
لەوەش کرد، ئەرکی سێ تیمە ھاوبەشەکان، لێکۆڵینەوەیە لە ھەڕەشە و مەترسییەکانی داعش
و ئاستی توانای سەربازیی ھێزە ئەمنییە عێراقییەکان بۆ پاراستنی وڵات، ھەروەھا ھەڵسەنگاندنی
دۆخەکە کە دواتر تیمەکان ڕاپۆرتی خۆیان پێشکەش بە لیژنەی باڵای ھاوبەشی سەربازیی نێوان
عیراق و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش پێشکەش دەکەن.
لە
وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش
لە عێراق چۆن دەبێت و چەند دەخایەنێت، ناوبراو وتی: "ئەو پرسە پەیوەندیدارە بە
دیدگای سێ تیمە ھاوبەشەکان کە لەلایەن لیژنەی باڵای ھابەشی سەربازی نێوان عێراق و
ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش پێکھێنراون و ئەو سێ تیمە بڕیار دەدەن پڕۆسەی
کشانەوەکە چۆن دەبێت و چەند دەخایەنێت".
ھەروەھا
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا حکومەتی عێراق دەیەوێت ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە
داعش لە عێراق بکشێنەوە یان گۆڕانکاریی لە ئەرکەکانیاندا بکات، ئاماژەی بەوەکرد:
"کشانەوە مانای گۆڕانکارییە لە ئەرکەکەدا، واتا ئەرکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی
دژبە داعش لە عێراق لەڕوی سەربازییەوە کۆتایی پێ دێت و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق ئەرکی
سەربازیی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش دەگرنە ئەستۆ".
لەبارەی
شێوازی پەیوەندی حکومەتی عێراق لەگەڵ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە قۆناغی
داھاتودا، روکابی ڕایگەیاند: "پەیوەندییەکانی ھەردولا لە قۆناغی داھاتودا لە
بوارە جیاجیاکاندا، گشتگیر دەبن".
ڕۆژی
18ی مانگی دوەمی 2024، محەمەد شیاع سودانی ڕایگەیاندبو؛ کە دوای کۆتاییھێنان بە ئەرکی
ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق، پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ئەندام
لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی، دەگۆڕن بۆ ھەماھەنگی ئەمنی دوقۆڵی.
لە
ئێستادا بەشێک لە ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش كە لە ژمارەیەک بنکەی
سەربازیی لە ھەرێمی کوردستان جێگیرکراون ئەرکیان پێشکەشکردنی ڕاوێژ و مەشق و ڕاھێنانە
بە ھێزەکانی پێشمەرگە.
لە
وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق،
بونی ئەو ھێزانەش لە ھەرێم دەگرێتەوە، ناوبراو دوپاتی کردەوە: "بەڵێ پڕۆسەی
کشانەوەکە، بونی سەرجەم ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق دەگرێتەوە
لە ھەر کوێیەک جێگیرکرابن".
هەروەها
سەبارەت بەوەی کە ئایا پڕۆسەی کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش
کاریگەریی لەسەر پڕۆسەی سیاسی لە عێراق دەبێت، راوێژکارەکەی سودانی رایگەیاند:
"ھەرگیز پڕۆسەی کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان، کاریگەریی لەسەر پڕۆسەی سیاسی
لە عێراق نابێت، بە تایبەتیش کە سەرجەم ھێزە سیاسییەکان پاڵپشتی لە بڕیارەکەی حکومەتی
عێراق دەکەن لەبارەی کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق".
لە
بارەی ئەوەی کە ئایا بەغدا دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن دوای کشانەوەی ھێزەکانی
ھاوپەیمانی نێوەدەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق چۆن بێت، ناوبراو ڕایگەیاند کە:
"عێراق دەیەوێت پەیوەندییەکی لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە یەکتر و بەرژەوەندی
ھاوبەش لەگەڵ ئەمریکادا ھەبێت".
ڕۆژی
18ی مانگی کانونی دوەم، عێراق، محەمەد شیاع سودانی ڕایگەیاندبو کە دەبێت خشتەیەک بۆ
کۆتاییھێنان بە ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق دیاری
بکرێت، چونکە بۆ سەقامگیریی عێراق گرنگە.
508 جار خوێندراوەتەوە