پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و
هاوپەیمانان بابەتی گەرمی شەقامی عێراقی و جیهانییە، لەگەڵ ئاڵۆزبونی دۆخی سیاسی و
ئەمنی ناوچەکە، تادێت لە ناوخۆی عێراقیش پرسی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان
گەرمتر دەبێت، عێراق دەڵێت: پێویستمان بەو هێزانە نەماوە و دەبێت بکشێنەوە،
ئەمەریکاش پێیوایە ئەم پڕۆسەیە بە گفتوگۆ ئەنجام دەدرێت، شارەزایانی سەربازیش خوێندنەوەی جیاوازیان
بۆ کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق ھەیە.
راپۆرت:KNNC
لیوا عادل کاکەیی، شارەزای
سەربازیی لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق رایدەگەیەنێت؛ سوربونی حکومەتی
عێراق بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق، کاریگەری لەسەر
پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ دەرەوە بە تایبەتی ئەمریکا دەبێت.
شەوی 7ی ئەم
مانگە لە ئاکامی ھێرشیکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناوچەی مەشتەل لە ڕۆژھەڵاتی بەغداد،
دو فەرماندەی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق، بە ناوەکانی ئەبو باقر ساعیدی و ئەرکان عەلیاوی
کوژران، هەرچەندە ئەمەریکا دەڵێت: یەک فەرماندە بەناوی ئەبو باقر ساعیدی-یەوە
کوژراوە.
دواتر فەرماندەیی
ناوەندی ھێزەکانی ئەمریکا، بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی ھیرشەکە ڕاگەیاند و
ئاماژەی بەوەدا کە ئەبو باقر ساعید-یان بەھۆی ئەوە کوشتوە، چونکە بەرپرس بو لە
پلاندانانی ھێرشکردنە سەر ھێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
لیوا عادل کاکەیی
لەوبارەیەوە دەڵێت: "خۆی لە ڕاستییدا ئێستا، سودانی کەوتوەتە نێوان دو بەردی
دەساڕەوە، یەکێکیان ئێرانە کە میلیشیاکانی بەرداوەتە گیانی و ئەوەی دیکەش ئەمریکایە،
وەکو حکومەت، دەزگای دیپلۆماسی و پەیوەندیی نێودەوڵەتی".
وتیشی:"ئەمریکا
پارێزەری عێراقە و دەبێت عێراق بە شێوەی دیپلۆماسی وەکو ھاوپەیمان ڕفتاری لەگەڵدا
بکات".
بەبۆچونی ئەو شارەزا سەربازییە "ئەو میلیشیایانەی کە ئێران دروستی کردون،
بەڕەکەیان لەژێر پێی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕاکێشاوە و سودانیان خستوەتە دوڕێیانەیەکی
زۆر خراپەوە کە ھەڵبژاردنی ھەر کام لەو دو ڕێیانە بۆ سەرۆک وەزیران و حکومەتەکەی
باش نییە".
لیوا عادل کاکەیی
ئاماژەی بەوەشدا: "ئەگەر سودانی و حکومەتەکەی پشتی میلیشیاکانی ئێران بەر بدەن
و ڕاستەخۆ پشت بدەن بە ئەمریکا، ئەگەری ھەیە سودانی سەری تێدا بچێت، بە پێچەوانەوە
ئەگەر پشت لە ئەمریکا بەر بدات و پاڵپشتی لە میلیشیاکان بکات لە دژایەتیکردنی ئەمریکا،
ئەوە ڕوبەڕوی کاردانەوەیەکی توندی ئەمریکا دەبێتەوە".
باسی لەوەشکردوە
ئێستا سودانی لەنێوان ئەمریکا و میلیشیاکانی سەربە ئێران ھەوڵ بۆ ئەوە دەدات، یارییەکە
بباتەوە و لەسەر دەسەڵات بمێنێت و حکومەتەکەی بەڕێوەببات.
ئەو شارەزا سەربازییە
پێی وایە کە سوربونی حکومەتی عێراق بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی
دژبە داعش لە عێراق، کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ دەرەوە بە تایبەتی
ئەمریکا دەبێت و وتی: "سوربونی حکومەتی عێراق بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی
نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق، نەک تەنھا پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ دەرەوە و ئەمریكا
تێکدەدات ، بەڵکو پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکانیش تێکدەدات".
وتیشی: "کێشەکە
ئەوەیە، لایەنە شیعەکان کە لە ئەنجومەنی نوێنەران زۆرێنەن ھەروەھا دامودەزگاکانی
حکومەتیش دژبە بونی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق بەکار دەھێنن، لەلایەکی دیکەشەوە
بۆ وڵاتێکی دیکە دژی ئەمریکا کار دەکەن".
ئەو باسی لە مەترسی
کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق کرد و وتی: "ئەگەر لایەنە شیعەکان توانیان ئەو کارە
بکەن و ئەمریکا لە عێراق بکشێتەوە، ئەوە کۆنترۆڵی عێراق لەدەست دەردەچێت و بەنھێنی
و ئاشکرا دەکەوێتە دەستی ئەوان، ئەو کاتیش مەترسی لەسەر قەوارەی کورد دەبێت".
بەڵام موئەید جحێشی،
شارەزای سەربازیی باس لەوە دەکات:"وەک دەوڵەت و وەزارەتی بەرگریی و وتەبێژی فەرماندەی
گشتی ھێزە چەکدارەکان، زۆر ئاساییە ڕاگەیەندراوێکی لەو جۆرە بڵاو بکاتەوە، چونکە
پرسەکە پەیوەندیی بەو گفتوگۆکانی تایبەت بە وەستاندنی ھێرشەکانی نێوان ئەمریکا و
گروپی مقاوەمەی ئیسلامییەوە ھەیە، بۆیە ناکرێت لە لایەک گفتوگۆ بکرێت و لەلایەکی دیکەوە
بۆردومان هەبێت".
موئەید جحێشی پێیوایە
کە پەیوەندیی سەربازی، کاریگەری خراپی لەسەر پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتۆن لە
بوارە سیاسی و ئابورییەکاندا، نابێت و وتی: "لەو باوەڕەدام، بەھیچ شێوەیەک لە
داھاتودا، پەیوەندی سەربازیی، کاریگەریی خراپی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و
ئەمریکا لە بوارە سیاسی و ئابورییەکاندا دروست ناکات، چونکە بونی ھێزەکانی ئەمریکا
بۆ ئەمساڵ و دو ساڵ بەرلە ئێستا ناگەڕێتەوە، بەڵکو ئەوە ماوەی 20 ساڵە ھێزەکانی ئەمریکا
لە عێراقن و بنکەی سەربازییان بۆ خۆیان دامەزراندوە، ئەوەی ئێستا ھەیە باسی لێوە دەکرێت
کشانەوەی سەربازانی ئەمریکایە، نەک داخستنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا".
752 جار خوێندراوەتەوە