شەوى بەرات لەنێوان ئایینى ئیسلام و یادى گەلاندا

KNN : Kurdish News Network
11:09 - 24/02/2024
ڕاپۆرت
+
-

زۆرێکمان لە منداڵیمانەوە تا ئێستاش، یادگارییەکی زۆرمان لەگەڵ شەوی بەرات هەیە، ئەو یادگاریانەش زۆرینەی ئەو نەوەیە تۆماریان کردوە کە بە "جیلی ئاڵتونی" ناسراون، بەڵام وردە وردە سۆشیال میدیا و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، وەک هەمو شتێکی دیکە جوانییەکانی شەوی بەرات-یشی کاڵ کردەوە و تەنها ئەوانە دەتوانن بە چێژەوە باسی بەرات بکەن، کە خۆشترین کاتەکانیان تێدا بەڕێکردوە.

 

راپۆرت:KNNC

رەنگە تا ئێستاش زۆرێکمان نەزانین، بەرات چییە و لە چییەوە هاتوە، بەڵکو تەنها ئەوەندە زانیاریمان هەبێت، کە بەرات بۆنەیەکی ئاینییە.

بەرات چییە؟

 

نیوەی مانگی شەعبان لە ساڵنامەی کۆچیدا بە (شەوی بەرات)، ناسراوە، بوەتە بۆنەیەکی ئاینیی گرنگ و تایبەتمەندی خۆی لە ئاینی ئیسلام وەرگرتوە، شەوی بەرات دەکەوێتە (15)هەمین رۆژی مانگی شەعبان، لە نوێژی شێوان دەستپێدەکات و بە نوێژی بەیانی رۆژی دواتر کۆتایی دێت.

پێشتر، زۆرکەس پێیان وابوە کە ئەم شەوە تەنیا بۆنەیەکی ئیسلامییە، تا ئەوەی فەرمودەیەکی پێغەمبەری ئیسلام(د.خ)، کە باسی پیرۆزی شەوی (14/15)ـی مانگی شەعبان دەکات، بە بەڵگە دێننەوە یان دەوترێت لەم شەوەدا قیبلەی موسڵمانان گۆڕاوە و ئاوی زمزم زیادی کردوە، بەڵام لەبەرامبەردا چەندین کەسایەتی و گروپی دیکەی ئیسلامی هەن کە ئەو بیروڕایانە رەتدەکەنەوە.

 

واتای وشەی (بەرات) چییە؟

 

بەرات وشەیەکی عەرەبییە و لە (البراءة)ـەوە هاتوە، بەواتای پاکی دێت، بەڵام لە بنەڕەتدا وشەیەکی رەسەنی کوردییە و چەند مانا و مەبەستێک دەگەیەنێت وەک: (دیاری، خەڵات، هەقدەست، موچە، بەخشین، ماف و قوربانیدان).

 شەوی بەرات وەک خۆی لە قورئاندا ناوی نەهاتوە، لە ئایەتی سێیەمی سورەتی (الدخان)، خوای گەورە ئاماژە بە شەوێکی پیرۆز دەکات و دەفەرموێت (انا انزلناه فی لیلە مباركة انا كنا منذرین)، ئەم شەوە پیرۆزەش زۆرینەی مامۆستایانی ئاینی بۆچونیان وایە کە مەبەست لێی شەوی قەدرە نەک شەوی بەرات، لەبەرامبەردا ژمارەیەکی دیکە پێیان وایە، مەبەست لێی شەوی بەراتە، چونکە شەوی قەدر بە ئاشکرا لە قورئانی پیرۆزدا ناوی هاتوە.

 

گەورەیی شەوی بەرات لەناو کورددا

 

بەرزراگرتنی شەوی بەرات مێژوەکەی درێژە، بەرات لە هەریەک لە وڵاتانی ئێران، میسر، بەحرەین یاد دەکرێتەوە، لە کوردستانیش وەک وڵاتێکی موسڵمانان یادەکە بەرز رادەگیرێت، لە کۆنەوە ئێوارەی بەرات خواردنی تایبەت ئامادەکراوە و قورئان خوێندراوە و منداڵانیش لە شەودا دوای نان خواردن بە ماڵاندا گەڕاون و نوقڵ و شیرینییان کۆکردوەتەوە.

 

بەرات لای ئێزدییەکان

 

شەوی بەرات لای کوردانی ئێزدیش گرنگی و بایەخی تایبەتی خۆی هەیە، ساڵانە بەشێوەیەکی تایبەت پێشوازی لە شەوی بەرات دەکەن، خەیری شەنگالی، کە نوسەر و رۆشنبیرێکی کوردانی ئێزیدییە، دەڵێت: بەرات یەکێکە لە دروشمە پیرۆزەکانی ئایینی کوردی ئێزیدی، بەرات بە واتای ئەستۆپاکی و بێتاوانی دێت.

لە شەوی بەراتدا ئەو کچ و کوڕانەی هاوسەرگیرییان نەکردوە، دەچن بۆ ئەشکەوتی بەرات، کە شوێنی دەرهێنانی (گڵی) بەراتە، گڵێکی سپیە و هەر لە شەوی بەراتدا دەردەهێنرێت و ئەیبەن بۆ کانی سپی، کە سەرچاوەی ئاوێکی سازگار و پاکەو لای ئێزیدیەکان پیرۆزیەکی تایبەتی هەیە.

بە ئاوی ئەم کانییە قوڕەکە دەگرنەوە و (بەرات)ی لێ دروست دەکەن، بەراتیش بریتییە لە قۆڕێکی خڕکراوی هاوشێوەی هەڵمات، کە لەهەمو ماڵێکی ئێزیدیدا هەیە و بە جوانی دەپارێزرێت.

 
شەوی بەرات لە باشوری کوردستان:

بە درێژایی ساڵانی رابردو، هەتاکو ئەمڕۆش، شەوی بەرات لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بە گرنگییەوە یادی کراوەتەوە،  لەم شەوەدا زۆربەی خێزانەکان پێکەوە کۆبونەتەوە و کابانی ماڵ خواردنی تایبەتی ئامادەکردوە، پاشان دوای نانی ئێوارە مناڵان بە کۆڵانەکاندا دەگەڕێن و هەر ماڵەو لای خۆیەوە بە بڕێک پارە یان بە دەنکێک خورما یا پارچەیەک شیرینی پێشوازییان لێدەکرێت، بەڵام ئیدی لەگەڵ هاتن و بەرەوپێشچونی تەکنەلۆژیا جوانییەکانی بەرات وردە وردە کاڵ بوەتەوە و کەمتر پێشوازی لەو شەوە دەکرێت.

بەرات لە هۆنراوەی شاعیراندا:

 

شاعیرانی کورد لە کۆندا چەندین پارچە شعرییان بۆ شەوی بەرات نوسیوە، کە دیارترینیان ئەو پارچە هۆنراوەی مەدهۆشە کە دەڵێت:

ئەم شەو شەوی بەراتە             شەوی خۆشی و خەڵاتـە
وا مناڵان ئــەگـــــەڕێـــــن              دەس بە دەرگاوە ئەنێـــــن


سەرچاوە/
 محەمەد مەردان - کتێبی بەرات لە رێڕەوی مێژودا

361 جار خوێندراوەتەوە